ئەو ئەندامەی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا کە لە سلێمانی تەقەی لێکرا گیانی لەدەستدا

K24 – سلێمانی
دوێنێ لە شاری سلێمانی تەقە لە ئەندامێکی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا و بریندار کرا، بەهۆی سەختی برینەکەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 10/6/2023، حوسێن ئارسان ئەندامی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، کە دوێنێ لە شاری سلێمانی تەقەی لێکرا و بریندارکرا، دوای مانەوەی 17 کاتژمێر لەژێر چاودێری پزیشکی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە.
پێشنیوەڕۆی دوێنێ لە بەردەم نووسینگەی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، لە شاری سلێمانی دەستڕێژی گولـلە لەو کەسە کرا و بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەی شار.
پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، ئەندامانی رێکخراوەکەوە کە سەرجەمیان خەڵکی باکووری کوردستانن، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی تۆمەتبار و هۆکاری رووداوەکە ئاشکرا نەکراوە.
حوسێن ئارسان، لە دایکبووی ساڵی 1978ـە و خەڵکی شاری مێردینی باکووری کوردستانە. میدیاکانی نزیک لەو رێکخراوە، رایانگەیاندووە، حوسێن ساڵانێکە لە شاری سلێمانی دەژیت و پەنابەری سیاسی بوو.