ئافرەتان گوندێک بەڕێوەدەبەن و پیاوانیش هیچ رۆڵێکیان نییە

ئافرەتانی گوندی ئۆڵیمپۆس
ئافرەتانی گوندی ئۆڵیمپۆس

K24 - هەولێر

لە باکووری دوورگەی کارپاسۆسی دەریای ئیجە، گوندی ئۆڵیمپۆس شوێنی یەکێک لە کۆمەڵگە دەگمەنەکانی ئافرەتان لە یۆنان کە خۆڕاگری خۆیان لە بەرامبەر گەشتیاری و شێوازی ژیاندا نیشانداوە.

ریگۆپۆلا پاڤلیدیس کە لەسەر مەکینەی درومانەکەی کاردەکات، لە شوێن کارەکەی خۆیدا، کە دەکەوێتە یەکێک لە کوچەکانی ئۆڵیمپۆس کە ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنها 300 کەسە، دەڵێت: "بە شانازییەوە لێرەدا، ژنەکان بەرپرسیارن".

سیتینیە بە گاڵتەجاڕیەوە دەشڵێت "مێردەکەم نازانێت بەبێ من هیچ شتێک بکات، تەنانەت ناتوانێت باجیش بدات".

ژنان رۆڵێکی سەرەکیان هەیە لە کۆمەڵگەی ئۆڵیمپۆسدا، ئەمەش بەهۆی سیستەمێکی میراتییەوەیە کە لە سەردەمی بیزەنتینییەوە بۆیان ماوەتەوە.

سەرەڕای داگیرکردنی عوسمانییەکان لە ساڵی 1583 و دواتر بوونی ئیتاڵیا لە دوورگەکەدا لەنێوان ساڵانی 1912 بۆ 1944، ئۆڵۆمپۆس هێشتا تایبەتمەندی خۆی دەپارێزێت.

ئەم گوندە کە لە باقی دوورگەکە دابڕاوە، هەمیشە بەرگەی گۆڕانکارییەکانی گرتووە تا ئەو رادەیەی کە یەکەمین رێگای قیڕتاوکراو لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دروستکراوە.

یۆرگۆس تسامپناکیس، مێژوونووس لە ئۆڵیمپۆسی کارپاسۆس، لە نێوان دوورگەکانی کریت و رۆدس لە باشووری دەریای ئیجە، روونیدەکاتەوە: "سیستەمی میرات بە بەراورد لەگەڵ باقی یۆنان زۆر پێشکەوتوو بووە".

ڕیگۆپۆلا پاڤلیدیس بەهۆی ئەوەی کچە گەورەکەی خێزانەکەی بوو، 700 دار زەیتونی بە میرات گرتووە. بە گاڵتەجاڕیەوە دەڵێت "خێزانەکان زۆر شتیان نەبوو بەسەر هەموو منداڵەکاندا دابەشی بکەن و ئەگەر میراتەکەمان بۆ پیاوەکان بەجێبهێڵین، ئەوا دەستیان بەسەردا دەگرت!.

یەکێک لەو پرسانەی کە تێیدا باڵادەستی ژنان لە کۆمەڵگادا سەرهەڵدەدات، پرسی گواستنەوەی ناوی یەکەمە.

تسامپناکیس گوتی: "کچی گەورە ناوی یەکەمی داپیرەی لە لایەنی دایکیەوە هەڵدەگرێت، بە پێچەوانەی ئەوەی لە باقی یۆناندا هەیە، کە کچە گەورەکە ناوی داپیرەی باوکی پێدەدرێت".

لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە کۆچی پیاوان بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا وای لە ژنان کرد کە بە تەنیا بەڕێوەبردنی کێڵگەکان بگرنە ئەستۆ.

چەند ساڵێک لەمەوبەر لێنتاکیس تەمەن 67ساڵ، باڕێکی لە ئۆڵیمپۆس بەڕێوەبردووە و ئێستا مارینا کچەکەی بەرپرسی ئەو باڕەیە.

مارینا دەڵێت "پێم خۆشە بڵێم پیاو سەرۆکی خێزانە و ژن ملە، بەو پێیەی ئەو کەسە ئاراستەی ئەو بڕیارانە دەکات کە پیاوەکە دەیکات".

 ئالان چابلۆس، ئەندامی دامەزراوەی جوگرافی لە ژنێڤ کە پێشتر لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر ئەو پرسە ئەنجامداوە، ئاماژە بەوە دەکات کە "کچانی گەنج دەبێت لە دوورگەکەدا بمێننەوە بۆ ئەوەی لە خزمەتی گەورەکاندا بن، ئەمەش لە ئەنجامدا میهرەبانیەکە لە چینە کۆمەڵایەتییەکان دروست بووە".