نۆ ساڵ به‌سه‌ر كه‌وتنی مووسڵ تێدەپەڕێت

K24 - هەولێر
نۆ ساڵ به‌سه‌ر كه‌وتنی شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا تێده‌په‌ڕێت، كه به كشانه‌وه و شکستی سوپای عێراق له ساڵی 2014 له ماوه‌ی کەمدا چه‌كدارانی داعش ده‌ستیان به‌سه‌ر ته‌واوی شاره‌كه‌دا گرت، بەوهۆیەوە زیاتر له 250 هه‌زار كه‌س گیانیان لەدەستدا و برینداربوون و 11 هه‌زار كه‌سی دیكەش بێسەروشوێن بوون.
لە کەوتنی مووسڵەوە تا راگەیاندنی ئازادکردنی خاکی عێراق لە دەستی داعش بە تەواوی، لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017، به‌هۆی شەڕەکانی رزگارکردنی شارەکان، زیاتر لە 250 هه‌زار كه‌س بوونه قوربانی، لەگەڵ دەیان هەزار کەسی رفێنراو و بێسەروشوێنکراودا، وێرانبوونی ته‌واوی ژێرخانی شاره‌كانیشیان پرسێكی دیكه‌یه، کە بەپێی خەملاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ته‌نیا تێچووی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاری مووسڵ پێویستی به زیاتر لە 88 ملیار دۆلارە، جگه له وێرانکردنی زیاتر لە 56 هەزار ماڵ و تۆمارکردنی ناوی 11 هەزار کەسی بێسەروشوێن كه نازانرێت له ژیاندا ماون یاخود نا.
سەرەڕای ئەمەش هەڵمەتەکانی ئاوەدانکردنەوە بۆ شارە ئازادکراوەکان لە ئاستی پێویستدا نەبوون، لە کاتێکدا تائێستاش ئه‌و ناوچانه بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی له‌لایه‌ن میلیشیاکان و گرووپه چەکدارەکانەوە لە دانیشتوانی رەسەنی خۆیان بێبه‌شن.

به بڕوای چالاكوانانی سیاسی شاره‌كه، كه شایه‌تی ساته‌وه‌خته‌كانی كه‌وتنی شاره‌كه‌یان بوون، ده‌ڵێن، دۆسیه‌ی کەوتنی مووسڵ ئازارێک بوو بۆ خەڵکی ئەو شاره و رووبه‌ڕووی زیانێكی گه‌وره‌ی جەستەیی و دەروونی بوونه‌وە. به‌جۆرێك زیاده‌ڕۆیی نییه بگوترێت هه‌ر خێزانێكی مووسڵ كه‌سێك له خانه‌واده‌كه‌ی به‌هۆی شەڕی نێوان داعش و هێزه‌كانی عێراق و میلیشیاكانه‌وه له‌ده‌ستداوه، یانیش به‌هۆی بۆردوومانه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه شاره‌كه به ته‌واوی خاپوور بوو.