سێ ملیار دۆلار پارەی بلۆکكراوی ئێران لە عێراق ئازاد كرا

K24 - هەولێر
سێ ملیار دۆلار پارەی بلۆکكراوی ئێران لە عێراق ئازاد كرا و بەرپرسێکی ئێرانیش دەڵێت، بڕیارەکە کاریگەری ئەرێنی لەسەر جووڵەی بازاڕ دەبێت.
رۆژی شەممە 10ـی حوزەیرانی 2023، یەحیا ئال ئیسحاق، سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بڕی سێ ملیار دۆلار لە پارەی بلۆکكراوی ئێران لە عێراق ئازاد كراوە.
وەکو ئەوەی سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق ئاماژەی پێ دەدات، بەشێكی ئەو بڕە پارەیەی ئازاد کراوە، بۆ پێداویستییەکانی حاجیان تەرخان دەكرێت و بەشێکی دیكەیشی بۆ کاڵا سەرەتاییەکان دابین دەكرێت.
بەگوتەی یەحیا ئال ئیسحاق، ئازاد کردنی ئەو بڕە پارەیە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕەکان دەبێت و جووڵەی بازرگانی زیاد دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا پێگەی ئیسنای ئێرانی بڵاویکردەوە، بەمزووانە 24 ملیار دۆلار لە پارەی بلۆککراوی ئێران لە عێراق و كۆریای باشوور، ئازاد دەكرێن.
وەکو ئەوەی پێگەکە ئاماژەی پێ داوە، لەناو ئەم بڕە پارەیەدا حەوت ملیار دۆلار پێوەندیدارە بە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوور، زیاتر لە 10 ملیار دۆلاریشی ئەو پارەیەیە کە لە بانکەکانی عێراق هەڵگیراون و لەبەر سزاکانی ئەمەریکا ئەو وڵاتە نەیتوانیوە سوودیان لێ وەربگرێت و زۆربەشیان پێوەندییان بە هەناردەكردنی وزەوە هەیە.
لە ساڵی 2018ەوە دوای دەرچوونی ئەمەریکا لە رێککەوتنی ناوکی ئەمەریکا سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و ئەو وڵاتە نەیتوانیوە سوود لە سامانە داراییەکانی خۆی لە بانکەکانی جیهان وەربگرێت.