بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە پەکەکە، سوید کەسێک رادەستی تورکیا دەکات

ئاڵای توركیا و سوید
ئاڵای توركیا و سوید

K24 - هەولێر:

بۆ یەکەمجارە سوید کەسێک بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە پەکەکە رادەستی تورکیا دەکات.

بەرپرسێکی وەزارەتی دادی تورکیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، حکومەتی سوید رەزامەندی دەرکردووە، کەسێک بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە پەکەکە رادەستی حکومەتی تورکیا بکات.

تۆمەتبارەکە تەمەنی 35 ساڵە و هاووڵاتی تورکیایە، پێشتریش بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر تۆمەتبار کراوە.

 بەرپرسەکەی وەزارەتی دادی تورکیا ئاشکرایکرد، دەیانەوێت تۆمەتبارەکە بە تاوانی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر سزا بدەن.

دوای ئەوەی ساڵی رابردوو سوید داوای کرد ببێتە ئەندام لە ناتۆ، تورکیاش لەپێناو رازیبوونی داوایکرد داواکراوەکانی رادەست بکرێنەوە، ئەمە یەکەمجارە سوید داواکاری تورکیا بۆ رادەست کردنەوەی داواکراوەکانی جێبەجێ بکات.