پەیكەرتاشێک لە مۆسكۆ 27 پەیكەری سەركردە و رۆشنبیرانی كوردی نمایش دەکات

kurdistan24.net

K24 - مۆسکۆ

پەیكەرتاشێكی كورد كە زیاتر لە 50 ساڵە كاردەكات، لە پێشانگەیەكدا لە مۆسكۆ لە پاڵ 190 نەتەوەی رووسیا، 27 پەیكەری سەركردە و رۆشنبیرانی كوردی نمایشكرد، كە زۆربەی تەمەنی خۆیان بە نیشتمانەكەیان بەخشیووە.

لە شارێکی جەنجاڵی وەکو مۆسکۆ، دونیابینینی مرۆڤەکان جیاوازە، تیمور رەشۆیێڤ پەیکەرتاشێکی کوردە، زیاتر لە 50 ساڵە کار دەکات، تا هاوشانی زیاتر لە  190 نەتەوەی رووسیا، لە رێی هونەرەکەیەوە گەلەکەی خۆی بناسێنێت. لەم پێشانگەیەدا 27 پەیکەری سەرکردە و رۆشنبیرانی کوردی نمایشکرد.

لە پێشانگەکەدا، چین و توێژی جیاوازی نەتەوەکانی تریش بەشداربوون، زۆرێک  لە ئامادەبووان بە سەیرکردنی پەیکەری سەرکردە و تێکۆشەرانی کورد، دەچنەوە نێو لاپەڕەکانی مێژووی پڕ سەروەری ئەو رێبەر و کەسایەتیانەی لە بواری جیا جیادا رۆڵی گرنگیان بینیوە لە ناساندن و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورددا، هونەرمەندێکی رووس سەرسامی خۆی بەکارەکانی تیمور رەشۆیێڤ دەردەبڕێت.

ڤلادیمێر پولیانۆڤ، پەیکەرسازی رووس، بە کوردستان24ی گوت: "جوامێری و بەهرەیەکی زۆری دەوێت تا 50 ساڵ لە بوارێکدا کار بکەیت و دواتر لە پێشانگەیەکی لەم شێوەیەدا بیخەیتە بەرچاوی بینەر، من سەرسامم بە بەرهەمەکانی تیمور رەشۆیێڤ، ئەم پێشانگەیە هەڵقوڵاوی بەهرە و دەستڕەنگینی خۆیەتی، ئەم جۆرە کارانە دەبێت درێژەیان هەبێت و برەوی زیاتریان پێبدرێت، دیارە بەدەر لەم بەرهەمانە کاری ناوازەی دیکە هەن کە جێدەست و نەخشی پەیکەرساز تیموریان لەسەرە".