سه‌باح سوبحی: نه‌وتی هه‌رێم هه‌نارده‌ بكرێت یاخوود نه‌كرێت، پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ جێگیركراوه‌

سەباح سوبحی
سەباح سوبحی

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ململانێی ناوچه‌یی لەسەر نەوتی عێراق بوونی  هەیە و لە یاسای بودجەشدا رەچاوی بەرژەوەندی وڵاتانی هەرێمی کراوە. دەشڵێت: "نه‌وتی هه‌رێم هه‌نارده‌ بكرێت یاخوود نه‌كرێت، پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ جێگیركراوه‌".

سەباح سوبحی ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له‌ په‌رله‌مانی عێراق، لەمیانی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، لە یاسای بودجەدا گرەنتی ئەوە کراوە کە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت یاخوود نەکرێت، پشکی هەرێمی کوردستان لە یاساکەدا جێگیرە و دەبێ حکومەتی عێراق پابەندی بێت.

هه‌روه‌ها گوتی: "له‌باره‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ناكۆكی له‌ نێوان توركیا و ئێران هه‌یه‌".

پێشتریش فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاندبوو، سەرەڕای دەستپێکردنەوەی هەناردەکرنەوەی نەوتی هەرێم، حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە ناردنی 400 ملیار دیناری مانگانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئەو کاتەی یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

رۆژی 4ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە واژووکرا.