یەکەمین فێستیڤاڵی شەل و شەپکان لە زاخۆ بەڕێوەدەچێت

یەکەمین فێستیڤاڵی شەل و شەپکان لە زاخۆ
یەکەمین فێستیڤاڵی شەل و شەپکان لە زاخۆ

K24 – زاخۆ:

وابڕیارە 21ـی ئەم مانگە یەکەمین فێستیڤاڵی شەل و شەپکان لە زاخۆ، لە باوەشی پردی دەلال بەڕێوەبچێت کە بەشداربووان لە هەولێر، دهۆک، دەڤەری بارزان، زاخۆ، شرناخ، ئاکرێ و ئامێدی بۆ ماوەی یەک رۆژ چەندین بڕگەی جیاواز پێشکەش بکەن.

دڵخواز موسا، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری زاخۆ، کە ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکەیە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانج لەم فێستیڤاڵە پاراستنی جۆرەکانی جلوبەرگی شەک و شەپکن و لەبەرکردنیان بکرێتەوە کلتوور و بۆ هەمووان روونبکەنەوە کە ئەو جلوبەرگانە تایبەت نین بە چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، یەکەمین جار پیشەسازی دروستکردنی ئەو جلوبەرگانە لە زاخۆ بووە و مێژووەکەی بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کە سەرەتا جوولەکەکان ئەو کارەیان دەکرد و دواتریش کریستیانەکانی ناوچەکە درێژەیان بەو کارەداوە و تائێستاش بەشێک لە هاووڵاتییانی دەڤەرەکە بەو کارەوە سەرقاڵن.

ئامانجێکی دیکەی فێستیڤاڵەکە وەک بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری زاخۆ باسی لێوەکرد، نیشاندانی پێکەوەژیانی نێوان ئایین و پێکهاتەکانی ناوچەکەیە کە چەندین ساڵە بە تەبایی و برایەتی پێکەوە دەژین.

لەبارەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە، دڵخواز موسا رایگەیاند، کاتژمێر 6:30ـی ئێوارەی رۆژی 21ـی حوزەیرانی 2023 لە پردی دەلال دەستپێدەکات و چەندین بڕگەی جیاواز لەخۆدەگرێت، نمایشکردنی شەل و شەپکان بە بەشداری 15 گەنج ئەنجام دەدرێت، دواتریش جلوبەرگی خاک و کراس و فستان لەلایەن 20 گەنجەوە نمایش دەکرێت و لەگەڵ نمایشەکاندا، چۆنیەتی دروستکردنیان دەخرێتەڕوو.

هاوکات لەمیانی فێستیڤاڵەکەدا، چەندین گۆرانی فۆلکلۆری لەلایەن تیپی میوزیکی رۆژەوە پێشکەش دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو ئەندامەی لیژنەی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە روونیکردەوە، پیشەوەرانی دروستکردنی شەل و شەپکان لە شارەکانی هەولێر، دهۆک، زاخۆ، دەڤەری بارزان، ئاکرێ و ئامێدی بەشداری لە فێشتیڤاڵەکە دەکەن، کە یەکێکە لە پرۆژەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کە بە هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکانی رۆشنبیری و هونەری زاخۆ و گەشتوگوزاری زاخۆ سازدەکرێت.