هۆکاری مرداربوونی ژمارەیەکی زۆری باڵندە لە مەکسیک ئاشکرا دەکرێت

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی مەکسیک رایانگەیاند، دۆزینەوەی ژمارەیەکی زۆر باڵندەی مرداربوو لە کەناراوەکانی مەکسیک، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئاوەکانی زەریای هێمنەوە بووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو حاڵەتە لە پیرۆ و شیلی روویداوە.

رۆژی هەینی، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و ژینگەی مەکسیک لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "بە پشتبەستن بە شیکارییەکانی تاقیگەیی، بوونی ڤایرۆسی "H5N1" کە دەبێتە هۆی ئەنفلۆنزای باڵندە رەتدەکەینەوە، بەڵکو باڵندەکان لە برساندا مرداربوونە".

هەردوو وەزارەتەکە پێیان وایە "زۆرترین ئەگەر ئەوەیە کە ئەم رووداوە لە ئەنجامی گەرمبوونی ئاوەکانی زەریای هێمن-ەوە بێت، بەهۆی کاریگەرییەکانی دیاردەی کەشوهەوای ئیل نینوێ".

وەزارەتەکان روونیان کردەوە، گەرمبوونی زەریای هێمن دەبێتە هۆی ئەوەی ماسییەکان زیاتر بچنە قووڵایی دەریاکان، چونکە ماسییەکان خواردنی سەرەکی ئەو باڵندانەن.

ئیدارەی نیشتمانی ئەمەریکا بۆ بەرگەهەوا، لەم هەفتەیەدا رایگەیاند، دیاردەی کەشوهەوای "ئیل نینوێ" بەگشتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانیدا دەبێت و نزیکەی دوو بۆ حەوت ساڵ جارێک روودەدات، ئەمجارە لە ئێستاوە دەستیپێکردووە.

ئەم باڵندە کێویانە لە دەریادا مردار دەبن دواتر بەهۆی دەریاوە فڕێدەدرێنە کەناراوەکانەوە.