داوای ئاشکراکردنی هۆکاری مردنی دەرهێنەری سینەمایی لوئەی فازڵ دەکرێت

لوئەی فازڵ
لوئەی فازڵ

K24 - هەولێر

خانەوادەی لوئەی فازڵ-ی دەرهێنەرە سینەمایی دیاری عێراقی رایانگەیاند، تەرمی کوڕەکەیان لە پزیشکی دادوەری بەغدا دۆزیتەوە، ئەمەش دوای شەش رۆژ لە دیارنەمانی، لەوکاتەی کە کۆلێژی هونەرەجوانەکان دەرچووەو بێسەروشوێن بووە.

سەرچاوە تەندروستییەکان دەڵێن: تەرمی لوئەی لە بەشی تەرمە نەناسراوەکان لە پزیشکی دادی بەغدا دۆزرایەوە. دیارنەمان و مردنی فازڵ شۆکێکی گەورەی لەناو ناوەندەکانی رۆشنبیری و هونەریدا دروستکرد، بە لەبەرچاوگرتنی ناوبانگێکی باشی لەنێو ئەوناوەندانە هەبووە.

ماوەی نزیکەی سێ رۆژە زۆرێک لە نووسەران و رۆژنامەنووسان و سینەماکاران بە بڵاوکردنەوەی بانگەواز لە سۆشیال میدیا داوایان لە دەسەڵاتداران کرد، چارەنووسی لوئەی ئاشکرا بکرێت، پێش ئەوەی تەرمەکەی بدۆزنەوە و مردنەکەی رابگەیەنرێت.

یەکێک لە هاوڕێکانی لوئەی فازڵ بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، "زیاتر لە بۆچونێک هەیە سەبارەت بە مردنی لوئەی، ​​کە بە نهێنی ماوەتەوە، ئێمەش چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی راپۆرتی پزیشکی دادوەری دەکەین بۆ ئەوەی هۆکارە راستەقینەکانی مردنەکەی بزانین".

برا بچووکەکەی لوئەی، ​​دوو رۆژ لەمەوبەر لە رێگەی فەیسبووکەوە، بانگەوازێکی بۆ زانینی بارودۆخی دیارنەمانی براکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە "براکەم، دەرهێنەری فیلم لوئەی فازڵ، ماوەی شەش رۆژە بێسەروشوێنە"، دوای جێهێشتنی کۆلێژی هونەرە جوانەکان لە کاتژمێر 10:30 خولەکی بەیانی بینراوە کە  هاتووەتە دەرەوە لە ناوچەی ئەلوەزیریە.

ئاماژەی بەوەشکرد "لوئەی کەسێکی باشە، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەسدا نییە، هیوادارم براکەم، خۆشەویستەکەم بگەڕێتەوە بۆ لای من، هیچ کەسێکی ترم لەم دونیایە نییە، ئەو پاڵپشتی منە، ژیانی منە، منە". باوک و براکەم و هاوڕێکەم".

لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا، لوئەی بەشداری لە پێشبڕکێی فەرمی فێستیڤاڵی "فیلمەکان لە سعودیەوە" کردبوو.

لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوودا، لوئەی خەڵاتی لیژنەی دادوەری بۆ فیلمی "حەجەل"ی بەدەست هێنا لە فێستیڤاڵی وێنەی نێودەوڵەتی سینەمایی، کە لە شاری سوەر لە لوبنان بەڕێوەچوو.

رۆژی دووشەممە، سەندیکای هونەرمەندانی عێراق ماتەمینیان بۆ کۆچی دوایی لوئەی فازڵیان راگەیاند، گوتیان: بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، ماتەمینی بۆ دەرهێنەری فیلم لوئەی فازڵ دەگێرین، داوا لە پەروەردگار دەکەین بیخاتە بەر رەحمەتی خۆی، ئارامی بە خێزانەکەی و خۆشەویستان و هاوکارەکانی بۆ ببەخشێت.