دێریك هارڤی: هه‌وڵێك له ئه‌مه‌ریكا له ئارادایه بۆ دابینكردنی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه
K24- هەولێر:
پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا به نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو جیهان شه‌ڕی تیرۆری كرد و له‌و پێناوه‌دا شه‌هید و قوربانییه‌كی زۆری دا و هه‌موو جیهانیش شاهێدی ئه‌و قوربانییه‌ی بوو، ئه‌مه‌ریكا سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانیه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی كرد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی تیرۆر و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان زیاتر كرد، له‌و باره‌یه‌وه ئه‌ندامێكی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی عێراق هه‌موو هه‌وڵێكی داوه بۆ ئه‌وه‌ی تواناكانی پێشمه‌رگه سنووردار بكات.
دێریك هارڤی، ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له كۆشكی سپی به‌شداری ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی كرد و رایگه‌یاند، له كۆنگرێس هه‌وڵێك له ئارادایه بۆ هاوكاریكردنی زیاتری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به دابینكردنی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ری.
هارڤی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی سوپای عێراق له ماوه‌ی رابردوودا سه‌خت بووه، به‌تایبه‌ت كه عێراق به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه تواناكانی سه‌ربازی پێشمه‌رگه سنووردار بكات، له كاتێكدا پێشمه‌رگه توانای هه‌یه و ده‌توانێت نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و به‌رگری لێ بكات، به پێویستیشی زانی حكومه‌تی عێراق سوپاسی رۆڵی پێشمه‌رگه بكات له پای به‌رگریكردنی له هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌تایبه‌تی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له كۆشكی سپی باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌مه‌ریكا كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی باشتر كار له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان بكات، جه‌ختیشیكرده‌وه، كه ده‌بێت پێشمه‌رگه پشكی خۆی هه‌بێت له بوودجه‌ی گشتی عێراق.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم بتوانێت زاڵ بێت به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كان، ده‌كرێت قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی زیاتری پێ بدرێت، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیران به چه‌ندین سه‌ختیدا تێپه‌ڕیوه، گوتیشی، ئه‌گه‌ر له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان یه‌كگرتوویی هه‌بێت به‌تایبه‌ت هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، ده‌ستی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له به‌غدا به‌هێزتر ده‌كات و هاوكاری ئه‌مه‌ریكا و لایه‌نه‌كانی دیكه بۆ هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ری ده‌بێت بۆ باشتركردنی بارودۆخی عێراق.
هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له ئێستادا ئیداره‌ی جۆو بایدن به‌راورد به سه‌رنج خستنه سه‌ر چین و ئاسیا و ئه‌وروپا، كه‌متر بایه‌خ به رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌دات، بۆیه ئه‌گه‌ر كورد له هه‌رێمی كوردستان و وڵاته‌كانی دیكه‌ی سووریا، ئێران و توركیا سه‌ربه‌خۆیش نه‌بن، به‌ڵام ده‌رفه‌تی ژیانێكی ئازادانه و سه‌ربه‌رزانه‌تریان پێ بدرێت.