ئەحمەد رەئوف: نامەوێ جارێ بمرم زۆر خەونم ماوە بۆ ژیان

هونەرمەند ئەحمەد رەئوف
هونەرمەند ئەحمەد رەئوف

K24 - هەولێر

ئەحمەد ڕەئوف ئەو ناوە دیار و بەرچاوەی کۆمێدیای کوردییە، کە نیو سەدەیە لەسەر تەختی شانۆدا بە جوڵە کۆمێدییەکانی خەندە دەخاتە سەر لێوی هەمووان و خۆشی لە ناخەوە بەبێدەنگی دەگریت. لەم هەڤپەیڤینەی کوردستان24ـیشدا لاپەڕەکانی تەمەنی هونەری خۆی هەڵدەداتەوە و دەشڵێت: لە دنیادا شانۆ دایکی هونەرەکانە، لای ئێمەش بەهۆی نەبوونی بینەر لە هۆڵە شانۆییەکاندا بووەتە باوەژن و کەس سەری لێنادات.

ئەحمەد ڕەئوف دەشڵێت: کۆمێدیا سەخترین کاری هونەرییە و هەموو هونەرمەندێکیش ناتوانێت خۆی لە قەرەی ئەو هونەرە بدات، کە دەتوانێت حکومەت لە کەموکوڕییەکان و خەڵک لە دیاردە ناڕەواکاندا وشیار بکاتەوە و چارەسەریش بۆ گرفتەکان بدۆزێتەوە.

کوردستان24: ‌یەکەم ژووانی ئەحمەد رەئوف لەگەڵ شانۆدا بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

ئەحمەد رەئوف: دەسپێکی کارە هونەرییەکانم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1983، کە بە شانۆگەری مانگی ئاوابوو دەستم پێکرد، ئەو شانۆگەرییەش لە دەرهێنانی "جەلیل زەنگەنە" بوو، لەگەڵ تیپی نواندنی سلێمانی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی ئەو شارە پێشکەشمان کرد، هەر لەو ساڵەشدا بەشداریم لە شانۆگەری "خوازبێنی"ـدا کرد، کە شانۆنامەیەکی کۆمێدی بوو دەقەکەی لە لایەن چیخۆفەوە نووسرابوو.

کوردستان24: ‌بۆچی کۆمێدیات هەڵبژارد؟

ئەحمەد رەئوف: كۆمێديا خێراترين هونەر و وەسیلەیە، كە بگات بە هزرى بينەر من هيچ لە بەهاو جوانيەكانى تراژیديا كەم ناكەمەوە، بەڵام لە دواى راپەڕینەوە تراژیديا تەنیا بۆ نوخبەیەک بووە ئەوەی بينەرى سادە بە گشتى پێويستى كومێديايە، چونكە خەڵكى لە بارودۆخێكى ناجێگير دەژى خةلك هەمووى بێتاقەتی پێوە دیارە و پێويستى بە خەندە و پێکەنينە، بۆ گۆڕینی ئەو کەش و هەوا ئازاربەخشەش پێویستمان بە کۆمێدیایەکی پڕۆفیشناڵە و دوور لە کاری هەزەلی، هاوکات دەتوانین لە ڕێگاى كۆمێدیاوە چ پەيامێكت بوێت دەتوانی بە ئاسانی بیگەیەنیت.

کوردستان24: لە نێوان شانۆ و کاری درامیدا پێتوایە لە کامیاندا توانیووتە سەرکەوتووبیت؟

ئەحمەد رەئوف: دراما و شانۆ دراما و شانۆ هەر يەکە و خەسڵەت و رێکارى تايبەتى خۆی هەیە بۆ گەياندنى پەیامەکەی خۆت، بەڵام بە گشتى باسى لێ بكەين دراماكە بينەرى زياترى دەبێت، بەداخەوە جارى وا هەیە سێ مانگ تيپێك سەرقاڵى پڕۆڤە دەبێت، بەڵام چوار رۆژ بەردەوام نابێت و هۆڵەکەش نيوەى بەتاڵە، بەداخەوە، شانۆ دايكى هونەرە، بەڵام كە بينەر نەهات بۆ بینینی کاره شانۆییەکان باوەژنيش نيە.

کوردستان24: پەیامی ئێوە لە نێو دنیای کۆمێدیادا چییە؟

ئەحمەد رەئوف: هونەر بێ پەیام ناچێتە قاڵبی هونەرەوە، پەیامی ئێمەش کۆمێدیادا خستە ڕووی واقعی کۆمەڵگایە و پەنجە دەخەینە سەر کەموکوڕییەکانی حکومەت و کێشە و ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگە و بە تەنزەوە خەڵکی لێ وشیار دەکەینەوە، کە کەمایەن ڕووە سپیەکە و کامەیان ڕەشە و تاڵی و شیرینی ژیان و ساردی و گەرمیەکان چینە.

کوردستان24: ئەوەی ئێستا پێشکەش دەکرێت کۆمێدیایە یان بەشێکە لە گاڵتەجاری؟

ئەحمەد رەئوف: ئەوەی ئێستا لێرە و لەوێ و لە سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڕگەی بە ناو کۆمێدیا دەبینین زۆربەیان وا لە بینەر دەکات، کە ناوێکی بۆ دابنێت، هەیە پێدەگوترێت تەهریج، هەیە دەڵێت: گاڵتەجار، زۆرترین ناونیشانی خراپی دەخرێتە پاڵ، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک بەرهەمی جوانی کۆمێدیش هەیە، کە شایەنی سەیرکردن و تێڕوانینە، ئەوەشمان بیرنەچێت سەخترین هونەر لە دنیادا، هونەری کۆمێدیایە، کە قووڵ دەبێتەوە بە نێو گرفتەکان و هەموو هونەرمەندێکیش خۆی له قەرەی ئەو هونەرە نادات، تەنانەت زۆرجار دەگوترێت: کۆمێدیا پیاوی خۆی دەوێت.

کوردستان24: قاقا و بەزمی بەزم و گەرمەسات چ ئەزموونێکی نوێیان خستە سەر تەمەنی هونەری تۆ؟

ئەحمەد رەئوف: قاقا زنجیرەیەک لە ئەڵقە هەرە خۆشەویستەکانە، کە کاری دەرهێنانم بۆ 90 ئەڵقەی ئەو بەرهەمە هونەرییە کرد و خۆشەویستیەکی گەورەی لای من و بینەردا دروست کرد و تا بە ئەمڕۆش دەکات لە نێو دڵ و هزری بینەردا زیندووە و بەزمی بەزمیش قەرزارباری کردم بە خۆشەویستی ئەو خەڵکەی حەوت ساڵی تەواو بەردەوام بوو لە پێشکەشکردنی پڕۆگرامەکە و بینەرێکی زۆری لەخۆ کۆکردەوە، گەرمەساتیش ئەزموونێکی تازەیە لە هونەری کۆمێدیا و ژیانی مندا، کە لەگەڵ بارزان سنجاوی دەرهێنەر زۆر هەست بە ئاسوودەیی دەکەم، چونکە بە ڕوئیایەکی نوێ کاری لەسەر دەکات و دەچێته ناوەخنی کارەکەوە.

کوردستان24: ئەو نزیکیە چیە لە نێوان تۆ و عیرفاندا کە هەمیشە بەیەکەوە دەردەکەون؟

ئەحمەد رەئوف: عیرفان هونەرمەندێکی بە سەلیقە و دەگمەنە لە نێو کۆمێدیای کوردی دا و سەرەتای کاردنیشمان لەگەڵ یەکتردا لە زنجیرە ئەڵقەی قاقا بوو، پاشان حەوت ساڵی تەواو لە بەزمی بەزم، بەزمەکانمان پێشکەش کرد، ئێستاش لە هۆڵی MI9 پڕۆگرامێکی هونەریمان هەیە و لە یەکتر جیای نەکردووینەتەوە.

کوردستان24: هاوژینەکەت تا چەند هاوکارە لە کاره هونەرییەکانتدا؟

ئەحمەد رەئوف: ئەوەی من و هاوژینەکەمی کۆکردووەتەوە هونەرە، بەو پێیەی خۆشی یەکێکە لە ئەکتەرە هەرە بە تواناکان و هەر ئەویش بووەتە هۆکاری بەردەوامی من لە نێو کارە هونەرییەکان و کۆمێدیادا.

کوردستان24: ڕاستە دەڵێن سێ ساڵ زیندانی بوویت و لەوێشدا خەریکی نووسینی دەقی شانۆیی بوویت؟

ئەحمەد رەئوف: لە ساڵانی 1985 بۆ 1988 بەهۆی کاری سیاسیەوە لە زیندانی ئەبو غرێبدا بووم و لەوێشدا خەریکی نووسین و خوێندنەوەی کتێب و نووسینی کورتیلە شیعر بووم، بەڵێ هونەر و شیعر لە زیندانیشدا لەگەڵماندا دەژیان.

کوردستان24: جیا لە هونەر چەند جار کەوتووەتە داوی عەشقەوە؟

ئەحمەد رەئوف: لەوێ یەک و لەوێ دوو...، بێ بەڵابن تووشی کێشەم مەکە بۆ خاتری خوا.

کوردستان24: لە ژیاندا ڕقت لە چی دەبێتەوە؟

ئەحمەد رەئوف: لە وێنەگرتن و بێ مەوعیدی و کەسانی گیرفان پەرست و خۆویست و دوو ڕوو.

کوردستان24: لە چی پەشیمانی؟

ئەحمەد رەئوف: لە هیچ وێستگەیەکی ژیاندا هەستم بە پەشیمانی نەکردووە و هیچ هەنگاوێکیشم نەناوە لێی پەشیمان ببمەوە، جا لە هونەرەکەم بێت یان ژیانی ئاساییم.

کوردستان24: لەگەڵ کام لەو هونەرمەندە کۆمێدیانەدا ئاسوودەی کاریان لەگەڵ بکەیت، عیرفان، ماهیر، ئەحمەد جۆڵا، مستەفا ئەحمەد، حاجی مەکی، شەمۆ، ئەیام ئەکرەم، گۆڤار ئەنوەر، عەلیه فەندی؟

ئەحمەد رەئوف: هەر هەموویان، چونکە تۆ باشترینەکانی نێو کۆمێدیات هەڵبژاردووە.

کوردستان24: ئەو یادگارانە چین کە لە نێو هونەرەکەتدا لەبیرت ناچێتەوە؟

ئەحمەد رەئوف: ئازاری لەدەستدانی "عەبدوڵا خەیات، بەهادینی حەلیم، ئاسۆی عومەر سوارە، عەریف حەمەتاڵ، عیرفانی وەستا عەلی، نا تۆبە ئەو ماوە.

کوردستان24: دوا دێڕ کە بینووسیت بەر لە مەرگت چی دەبێت و قەت لە مردن ترساوی؟

ئەحمەد رەئوف: نەخێر هەرگیز لە مردن ناترسم، چونکە ئەوە سروشتی ژیانە و دەبێت بێیت و زوو بڕۆیت، بەڵام نامەوێ جارێ بمرم، چونکە زۆر خەونم ماوە بۆ ژیان و هونەرەکەم هێشتا نەهاتوونەدی و هیچ دێڕێکیش لە ئێستادا ناکەم بە وەسیەتنامەی خۆم و حەزیش ناکەم وا زوو چۆڵی بکەم.

کوردستان24: دواکاری هونەرییت چیە؟

ئەحمەد رەئوف: کارکردنە بۆ بەشی سێیەمی درامای گەرمەسات، کە درامایەکی تەنزئامێزە و نموونەیە لە نیشاندانی پڕۆفیشناڵیەتی بەرهەمی کۆمێدیدا.