گرووپی ڤاگنەر بەرەو مۆسکۆ هەنگاو دەنێت و پوتن هانا بۆ هاوپەیمانەکانی دەبات

یەکێک لە ئامێرە سەربازییەکانی گرووپی ڤاگنەر لە رۆستۆڤ - وێنە: AFP
یەکێک لە ئامێرە سەربازییەکانی گرووپی ڤاگنەر لە رۆستۆڤ - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپا و حکومەتی رووسیا راگەیاند و یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر ئاشکرایکرد، 25 هەزار چەکداریان هەیە و ئامادەن بۆ کۆتاییهێنان بە حکومەتی مۆسکۆ و رزگارکردنی گەلی رووسیا خۆیان بە کوشت بدەن.

لەبەرامبەر ئەوەشدا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیاش رایگەیاند، ئەوەی روودەدات خیانەتێکە و دەیانەوێت رووسیا بکەوێتە ناو شەڕی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری رووسیاش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەرکرد و داوا لە چەکدارەکانی گرووپەکە دەکات خۆیان بەدەستەوە بدەن.

دوای ساڵێک و چوار مانگ لە دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا، ئاگری جەنگەکە رووی کردە مۆسکۆ و خەریکە دەبێتە شەڕی ناوخۆیی لە نێوان سوپا و گرووپی چەکداری ڤاگنەر کە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رووسیاش پشتیوانی خۆیان بۆی راگەیاند.

درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023)، یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکردووە.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی رووسی بڵاویکردەوە، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە هاتوچۆی کەشتی لەرووباری مۆسکۆ راگیراوە کە رووبارەکە بەناوەڕاستی مۆسکۆدا تێدەپەڕێت، هەروەها گەشتە ئاسمانییەکانی باشووری رووسیاش بۆ کاتێکی نادیار راگیراون.

لەلایەکی دیکەوە، دەزگای تەکنەلۆژیای رووسی ئاماژەی بەوەداوە، وەک رێکاری ئەمنی رەنگە هێڵی ئینتەرنێت لەو ناوچانەی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ڤاگنەر هەیە سنوورداربکەن، لە کاتێکدا مۆسکۆ سەرجەم پلاتفۆڕمە ئەلیکترۆنییەکان و سۆشیال میدیای سەر بە گرووپی ڤاگنەری راگرتووە بۆ رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی پەیام و پێشڕەوییەکانیان.

دیمێتری مێدڤیدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیاش رایگەیاند، "شکست بە خیانەتکاران دەهێنین و سزایان دەدەین و بەردەوام دەبین لە جەنگ لە یەک کاتدا لە دژی دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکی".

پوتن تۆمەتی خیانەت دەداتە پاڵ گرووپی ڤاگنەر

دوای ئەو هەنگاوەی ئەو گرووپە چەکدارییە کە تاوەکو ئێستا لە ئۆکرانیا بۆ مۆسکۆ دەجەنگا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەوەی روودەدات خیانەتێکە و دەیانەوێت رووسیا بکەویتە شەڕی ناوخۆ.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "ئەمەی کە روویدا خیانەت بووە، پشتیوانی لە دەوڵەت و گەلەکەمان دەکەین دەژی هەر پیلانگێڕییەک دەکەین، لەناویشیاندا خیانەتی ناوخۆیی و ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات لەپێناو بەرژوەندی کەسیدایە، سەرکردایەتی ڤاگنەر دەیانەوێت سەرکەوتنەکانمان بوەستێنن، ئەوان دەیانەوێت وڵات بخەنە ئاژاوە و شەڕی ناوخۆوە".

پوتن ئاماژەی بەوەشکرد، "رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە خیانەتە پێویستی بەکاری هەمەلایەنە هەیە و سزای تاک بە تاکی خیانتەکاران دەدەین و لەبەردەم گەل بە دادپەروەرییان دەگەیەنین"

سەرۆکی ڤاگنەر: بەرامبەر مۆسکۆ دەوەستینەوە

لە پەیامێکدا یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند. لە هەموو شوێنێکەوە سنوورەکانی رووسیایان تێپەڕکردووە و سەربازەکانیان گەیشتوونەتە ناو شاری رۆستۆڤ.

سەرۆکی ڤاگنەر ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا سوپای رووسیا هێرشیانکردە سەر ‌هێزەکانیان و لە هێرشەکانیشدا هاووڵاتی بێتاوانیان کردووەتە قوربانی.

لەبارەی هێزەکانییەوە، پریگۆژین ئاشکرایکرد 25 هەزار چەکداریان هەیە و دژی مۆسکۆ دەوەستنەوە و گەلی رووسیا رزگار دەکەن و هەرەشەی ئەوەشی کرد، " هەر کەسێکیش رێگەمان لێبگرێت لەناوی دەبەین و هەر کەسێکیش دەیەوێت کۆتایی بەم بێسەروبەرییە بهێنێت با لەگەڵمان بەشداربێت".

سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لەبارەی زیانەکانی سوپای رووسیا لە جەنگی ئۆکرانیا رایگەیاند، لە رووستۆڤ بە فەرمانی وەزیری بەرگری تەرمی دوو هەزار سەربازی رووسیایان شاردووەتەوە و نایەوێت زیانەکانی سوپاکەی ئاشکرا بکات.

ڤاگنەر بەرەو مۆسکۆ هەنگاو دەنێت

هەرچەندە وەزارەتی بەرگری رووسیا بڵاویکردەوە کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ سەرۆکی گرەوپی ڤاگنەر دەرکردووە و داوای لە هەموو ‌چەکدارانی گرووپەکەش کرد خۆیان بەدەستەوە بدەن و واز لە یاخیبوون بهێنن و ئەگەر ئەو کارە بکەن گیانیان پارێزراو دەبێت، بەڵام چەکدارانی گرووپەکە لە هەنگاونان بەرەو مۆسکۆ بەردەوامن.

دەسەڵاتدارانی ناوجەی لیبیتسک ئاشکرایانکردووە، ژمارەیەک لە چەکدارانی گرووپی ڤاگنەر چوونەتە ئەو ناوچەکە کە 400 کیلۆمەتر لە باشووری مۆسکۆوە دوورە، کە ئەمەش دەرخەری پێشڕەوی ئەو هێزەیە بەرەو مۆسکۆ.

ئیگۆر ئارمونۆڤ، حاکمی ناوچە ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارانی ڤاگنەر لە ناوچەکەیان جووڵە دەکەن و ئەوانیش هەموو رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی ناوچەکەیان.

گرووپی ڤاگنەر: سەرۆکێکی نوێ بۆ رووسیا هەڵدەبژێرین

لە وەڵامی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کە باسی لەوەکردبوو، گروپی ڤاگنەر خیانەتییان کردووە، ئەو گرووپە رایانگەیاندووە، ئەو رێگەیەی سەرۆکی رووسیا گرتوویەتییە بەر هەڵەیە و بەمزووانە لەکارەکەی دووری دەخەنەوە و سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرن.

گرووپی ڤاگنەر لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، گووتارەکەی پوتن بێ ئومێدی پێوە دیارە و بەمزووانە ناچار دەبێت دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە، بەهۆی ئەو رێگە هەڵەی گرتوویەتییە بەر.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرکردەکانی گرووکەش پشتیوانی خۆیان بۆ یێڤگینی پریگۆژین دووپاتکردەوە و رایانگەیاند، هەموو فەرمانی جێبەجێ دەکەن و تاکۆتایی لەگەڵیدا دەبن.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

شەڕ و پێکدادانی نێوان گروپی ڤاگنەر و سوپای رووسیا کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە دۆخی ناوخۆی رووسیا ئاگادارکراوەتەوە و چاودێری دۆخەکە دەکەن.

هەروەها میخایلۆ پۆدۆلیاک راوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئاشکرایکرد، ئەوەی لە رووسیا روودەدات تەنیا دەستپێكە و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەش لە تویتێکدا لەبارەی دۆخی ناوخۆیی رووسیا نووسیویەتی، "ئێمە تەمەشا دەکەین".

هاوکات وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بڵاویکردەوە، ئاگاداری دۆخی ناوخۆی رووسیان و ئەوەش گەورەترین ئالنگارییە رووبەڕووی وڵاتەکە بووەتەوە و لە نزیکەوە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، دڵسۆزی هێزەکانی رووسیا و بەتایبەتی هێزی پاسەوانی نیشتمانی دەتوانن بڕیار لە شێوازی ململانێکە بدەن و یەکلایی بکەنەوە.

لەلایەن خۆشیانەوە، کۆشکی ئێلیزێی فەرەنسا، سەرۆکایەتی پۆڵەندا و گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیاش بڵاویانکردەوە، ئاگاداری ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەن لە ناوخۆی رووسیا روودەدات و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.

جۆرجیا ميلۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش رایگەیاند، "ئێمە چاودێری دۆخی ناوخۆی رووسیا دەکەین. لەم ساتەدا سەختە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەیت و بزانیت چی روودەدات. بەڵام ئەوەی ئێستا لە ناوخۆی رووسیا دەگوزەرێت شەڕ و پێکدادانی ئەو پڕوپاگەندانەیە لە چەند مانگی رابردوو بڵاوکرانەوە".

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئەوەی ئێستا ئامانجی ئەوانە ئەوەیە، نابێت سەرنجەکان لەسەر هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکرانیا لابدەن و دەبێت بەردەوامبن.

پوتن هانا بۆ هاوپەیمانەکانی دەبات و ئەردۆغان پشتیوانی لە هەنگاوەکانی دەکات

ئاژانسی هەواڵی رووسی بڵاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی هەر یەکە لە ئۆزباکستان، کازاخستان و بیلارووسیا ئەنجامداوەو و دۆخی وڵاتەکەی بۆیان روونکردووەتەوە لەبەرامبەردا ئەوانیش پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی رووسیا دووپاتکردووەتەوە.

هەروەها کۆشکی کریملن رایگەیاند، پوتن پەیوەندی تەلەفۆنی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی رووسیایان کردووە، دوای راگەیاندنی یاخیبوونی گرووپی ڤاگنەر لە دەسەڵاتی مۆسکۆ.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆشکی کریملن، ئەردۆغان پشتیوانی خۆی بۆ هەموو هەنگاوەکانی سەرۆکی رووسیا دەربڕیوەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی گرووپی ڤاگنەر.

قادیرۆڤ: بەرەو رۆستۆڤ دەچین

رەمەزان قادیرۆڤ، سەرۆکی چیچان رایگەیاند، سووپاکەی ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپی ڤاگنەر پاراستنی خاکی رووسیا.

سەرۆکی چیجان گوتیشی، گرووپی ڤاگنەر دژی رووسیا یاخیبوون و خەنجەریان لە پشتی سوپا داوە، هەموو هێزەکانی چیچان ئامادەن بە هەر شێوەیەک بێت رووبەڕووی گرووپی ڤاگنەر ببنەوە.

لەبارەی هەنگاوەکانیشیانەوە بۆ پشتیوانیکردن لە مۆسکۆ، قادیرۆڤ ئاشکرایکرد، چەکدارانی سوپا و پاسەوانی نیشتمانی کۆماریی چیچان لە ئێستاوە بەرەو ناوچە گرژییەکان بەڕێکەوتوون و دەچنە رۆستۆڤ بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی ڤاگنەر.