پاڤل فیلیگنهاور: سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەیەوێت رووسیا بۆخۆی ببات

K24 – هەولێر:

شڕۆڤەکارێکی سیاسی، رایدەگەیەنێت، ئەمە خراپترین قەیرانی سەربازییە لە 22 ساڵی رابردوو لەو ساتەی کە پوتن بووەتە سەرۆکی رووسیا.  گوتیشی: یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر ئامادە نییە بۆ دانووستان و دەیەوێت رووسیا بۆخۆی ببات.

پاڤل فیلیگنهاور، شڕۆڤەکاری سیاسی، لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، ئەمە گەورەترین قەیرانی سیاسی و سەربازیە لە ماوەی 22 ساڵی رابردوودا کە بەرۆکی پوتنی گرتووە.

هەروەها راشیگەیاند، پریگۆژین ئامادەنییە بۆ دانووستان، بەڵکو ئامادەیە بۆ شەڕ ئەو دەیەوێت وەکو خەڵاتێک رووسیا بۆخۆی بباتەوە.

ئەو شڕۆڤەکارە سیاسییە، ئاماژەی بەوەدا، سووپای رووسیا بە ژمارە زۆر لە ڤاگنەر گەورەترە، ئەتوانم بڵێم سەدان جار زیاترن لە ڤاگنەر، بەڵام گرووپی ڤاگنەر زۆر توندوتیژ و راهێندراون، هەروەها بینیتان لە باخموت چییانکرد و چۆن داگیریان کرد.

پاڤل فیلیگنهاور، روونیکردەوە، هەندێک گەندەڵی هەیە لە سوپای رووسیا خەڵک لێی بێزارە، سەربازەکانیش لێی بێزارن، دەکرێ ئەمە وابکات باڵانسەکە بەلای ڤاگنەردا بڕوات، هەروەها پریگۆژین داوا دەکات پوتن وەزیری بەرگری وڵاتەکەی و سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپا لابدات.

گوتیشی: پوتن، پریگۆژین بە خیانەتکار وەسفدەکات، گرووپی ڤاگنەر یان دەبێت ئەم شەڕە تەواوبکات یان دەبێت سەرۆکەکەیان خۆی بەدەستەوە بدات و بکەوێتە بەندیخانە، پوتن هیچ بژاردەیەکی بۆ نەهێشتووەتەوە.

ئەو شڕۆڤەکارە سیاسییە، جەختی لەوەکردەوە، دۆخەکە هەڵسەگاندنی زۆر ئەستەمە ناتوانین بڵێین کێ دەیباتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، جەنگی دژی سووپای رووسیا راگەیاند و وەزارەتی بەرگری رووسیا تۆمەتبار دەکات بەوەی زانیاری هەڵە لەسەر جەنگی دژ بە ئۆکرانیا بڵاودەکەنەوە و هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانی ڤاگنەر.

پوتن، سەرۆکی رووسیا لە میانەی وتارەکەی ئەمڕۆدا ئاماژەی بەوەدا کە "وەڵامێکی توند" بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە "یاخیبوونی چەکدارییان رێکخستووە و لە شەڕدا چەکیان لە دژی هەڤاڵانیان هەڵگرتووە و خیانەتیان لە رووسیا کردووە".