گرووپی ڤاگنەر بۆ لە مۆسکۆ هەڵگەڕانەوە: لە هێزی پشتیوانییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوە

چەند چەکدارێکی گرووپی ڤاگنەر لە رۆستۆڤ - وێنە: AFP
چەند چەکدارێکی گرووپی ڤاگنەر لە رۆستۆڤ - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، سەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکی نێوان گرووپی ڤاگنەر و وەزارەتی بەرگری رووسیا بۆ جەنگی باخمۆت دەگەڕێتەوە، کە کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچەیەی ئۆکرانیا بە درێژترین ماوەی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەیەکی ئۆکرانیا دادەنرێت لە ئایاری رابردوو کە سەرکەوتنەکەش بۆ گرووپی ڤاگنەر تۆمارکرا.

دوای سەرکەوتنی لە باخمۆت، یێڤگینی پریگۆژینی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر وێنەی چەکدارەکانی بە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بەهێزتر و چالاکتر لە سەربازانی وەزارەتی بەرگری رووسیا وەسفدەکرد و ئەمەش بەرپرسانی باڵای سوپای رووسیا و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەی زیاتر توڕەکرد.

لە (5ـی ئایاری 2023)، یێڤگینی پریگۆژین لە لێدوانێکدا  هۆشداریدا لە کشانەوەی چەکدارەکانی باخمۆت بەهۆی پێنەدانی چەک و تەقەمەنی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە و رایگەیاند، بەرپرسانی سەربازی مۆسکۆ پشتیوانی لە گرووپەکەی ناکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە یەکەم لێدوانی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر نەبوو دژ بە مۆسکۆ، بەڵکو بۆ یەکەمینجار لە (21ـت شوباتی 2023) لە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراودا ئاماژەی بەوەکرد، وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپای رووسیا هەوڵی وێرانکردنی گرووپەکەی دەدەن.

هەروەها لە (5ـی ئایاری 2023) لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا کە بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، رێگریکردنی پۆلیسی سەربازی رووسیا بوو لە ژمارەیەک خۆبەخش بە پەیوەندیکردن بە گرووپی ڤاگنەرەوە بە مەبەستی شەڕکردن لە ئۆکرانیا.

لە (12ـی ئایاری 2023)ـشدا، یێڤگینی پریگۆژین ئاماژەی بە شکستەکانی سوپای رووسیا کرد و رایگەیاند، سەربازانی سوپای رووسیا لە باخمۆت هەڵدێن و لە (24ـی ئایاری 2023)ـش رایگەیاند، رووسیا رووبەڕووی شۆڕشێکی هاوشێوەی ساڵی 1917 دەبێتەوە و لە جەنگ دەدۆڕێت.

لە درێژەی ململانێکی نێوان گرووپەکە و بەرپرسانی سەربازی مۆسکۆ، لە (5ـی حوزەیرانی 2023) یێڤگینی پریگۆژین، سوپای رووسیای تۆمەتبارکرد بە چاندنی مین لەدوای چەکدارانی گرووپی ڤاگنەر لەکاتی پێشڕەوییەکانیان لە ئۆکرانیا.

لە 24ـی شوباتی 2022، سوپای رووسیا لەسەر فەرمانی ڤلادیمێر پوتن، هێرشی سەربازی لە وشکانی و ئاسمانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و گرووپی ڤاگنەریش کە لە ژمارەیەکی زۆر لە چەکداری بەندکراو و سزادراوی پێشوو و خۆبەخش پێکدێن، بەشدارییەکی کارایان کرد شانبەشانی سەربازانی رووسیا لە جەنگەکەدا و تا راگەیاندنی هەڵگەڕانەوە بەردەوام بوون لە شەڕکردن.

دووبارەکردنەوەی چەند جارەی تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی سەربازی لە وەزارەتی بەرگری و سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای رووسیا لەلایەن یێڤگینی پریگۆژینەوە بە پێنەدانی جبەخانە و پاڵپشتینەکردنیان، پەیوەندییەکانی نێوانیانی زیاتر ئاڵۆزکرد و تا لە (11ـی حوزەیرانی 2023)، گرووپی ڤاگنەر بە فەرمی ئەنجامدانی گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری رووسیا رەتکردەوە و ئەو هەنگاوەیان بە سنووردارکردنی چالاکی و هەوڵەکانیان لە قەڵەمدا.

سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە لێدوانەکانی پێشوویدا ئاماژەی بەوەشکردبوو، پێنەدانی چەک و جبەخانە لەلایەن وەزارەتی بەرگری رووسیاوە بۆ شاردنەوەی شکست و قەبارەی زیانەکانی خۆیانە لە ئۆکرانیا و ئەو کارەشیان بووەتە هۆی لە دەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانیان و بەگوێرەی ئامارەکانی گرووپەکە تا کۆتایی مانگی ئایار، نزیکەی 20 هەزار چەکداریان لە جەنگی ئۆکرانیا کوژراوە.

ئەو ژمارەیەی ڤاگنەر رایگەیاندووە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی رووسیا هەیە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئۆکرانیاوە کە مۆسکۆ بە شەش هەزار سەربازی کوژراون، لە کاتێکدا لە جەنگی ئەفغانستان لەنێوان ساڵانی 1979 بۆ 1989، یەکێتی سۆڤیەتی جاران ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی گەیشتە 15 هەزار کەس.

جەنگی کۆنترۆڵکردنی باخمۆت کە نۆ مانگی خایاند، نهێنی زیاتری لە ململانێکانی نێوان گرووپی ڤاگنەر و وەزارەتی بەرگری رووسیا لەخۆگرتووە، بەگوێرەی چەند بەڵگەنامەیەکی هەواڵگری ئەمەریکا کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە لە مانگی نیسانی رابردوو، هۆکاری ئەو ژمارە زۆرەی کوژرانی سەربازانی رووسی و گرووپی ڤاگنەر بۆ پێنەدانی راهێنان و ناردنی راستەوخۆیان بۆ بەرەکانی پێشەوەی جەنگ دەگەڕێننەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، رۆژنامەی واشنین پۆست لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوو، پاڵپشت بە چەند بەڵگەنامەیەکی نهێنی ئەوەی ئاشکراکرد، کە گرووپی ڤاگنەر هەوڵی رادەستکردنی چەند ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی سوپای رووسی دەدات بە سوپای ئۆکرانیا و یێڤگینی پریگۆژینیش ئاماژەی بەوەکردووە، لە هەرناوچەیەکی باخمۆت بکشێنەوە سوپای ئۆکرانیا ئاگاداردەکەنەوە بۆ ئەوەی هێرشی بکەنە سەر.

بەڵگەنامەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە یێڤگینی پریگۆژین لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی ئۆکرانییەوە چەند پەیوەندییەکی نهێنی لەگەڵ سوپای ئۆکرانیا ئەنجامداوە.

دوای ئەوەش، کیێڤ بە فەرمی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و وەزارەتی بەرگری رووسیاش لەو کاتەدا لەرێگەی راگەیاندنی کۆنترۆڵکردنی شاری ئیکەتمل بە پشتیوانی چەکدارانی گرووپی ڤاگنەر راگەیاند، وەک دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی بۆ گرووپەکە و رەتکردنەوەی تۆمەتەکانی رۆژنامە ئەمەریکییەکە.

درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023)، یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکردووە.

لە بەرامبەر ئەوەشدا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەوەی روودەدات خیانەتێکە و دەیانەوێت رووسیا بکەویتە شەڕی ناوخۆ و ئاماژەی بەوەشکرد، "رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە خیانەتە پێویستی بەکاری هەمەلایەنە هەیە و سزای تاک بە تاکی خیانتەکاران دەدەین و لەبەردەم گەل بە دادپەروەرییان دەگەیەنین".

لە وەڵامی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کە باسی لەوەکردبوو، گروپی ڤاگنەر خیانەتییان کردووە، ئەو گرووپە رایانگەیاندووە، ئەو رێگەیەی سەرۆکی رووسیا گرتوویەتییە بەر هەڵەیە و بەمزووانە لەکارەکەی دووری دەخەنەوە و سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرن.

ئەو دۆخە نەگەیشتە 24 کاتژمێر و نووسینگه‌ی سه‌رۆكی بیلارووسیا بڵاویكرده‌وه‌، گرووپی ڤاگنه‌ر رازی بووه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ رووسیا هێوربكاته‌وه‌ و چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی بوه‌ستێنێت ئەمەش لەسەر پێشنیازی ئه‌لیكسه‌نده‌ر لۆكاشینكۆی سەرۆکی ئەو وڵاتەوە بووە کە گرووپەکە پێشڕەوییەکانی بەرەو مۆسکۆ بوەستێنێت.