ملیاردێرێکی ئەمەریکی مانگانە زیاتر لە 10 هەزار دۆلار دەداتە هەر کەسێک سەگەکانی بەخێو بکات
K24 - هەولێر
خێزانێکی ملیاردێری ئەمەریکی ئامادەیە مانگانە زیاتر لە 10 هەزار دۆلار (دەفتەرێک دۆلار) بدات هەر کەسێک بۆ ئەوەی "بەباشترین شێوە" سەگەکانی بەخێوبکات. کەسەکە پێویستە تەواوی ژیانی خۆی بۆ بەخێوکردنی سەگەکان تەرخان بکات.
خێزانێکی دەوڵەمەندی ئەمەریکی کە نیشتەجێی ناوچەی نایتسبریجی لەندەنی پایتەختی بەریتانیانە، بەدوای کەسێکی "ناوازە و پڕ ئەزموون"دا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هەردوو سەگەکەیان "بەباشترین شێوە" بەخێو بکات.
جۆرج رالف – دەن، کە لە ئاژانسی فەیرفەیسی بەریتانی کاردەکات و نوێنەرایەتی خێزانە ئەمەریکییەکە دەکات، ئەو هەلی کارەی بە شێوەی ئۆنڵاین بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لەماوەی چەند رۆژێکدا زیاتر لە دوو هەزار داواکاریی بۆ کارەکە هاتبوون، بۆیە ناچاربوون رێکلامەکە بۆ ماوەیەکی کاتی لاببەن.
وەکو ئەوەی نوێنەری ئەو خێزانە ملیاردێرە باسی کرد، مووچەی ئەو کەسەی هەردوو سەگەکان بەخێودەکات، نزیکەی 127 هەزار دۆلار (زیاتر لە دەفتەرێک دۆلار بۆ هەر مانگێک) دەبێت.
ئەو کەسەی ئەو هەلی کارە وەردەگرێت پێویستە تەواوی ژیانی خۆی بۆ بەخێوکردن و باشترکردنی ژیانی سەگەکان تەرخان بکات، لەگەڵ خێزانەکەدا دەژیت و هەرکاتێک گەشتیان بۆ دەرەوەی وڵات کرد، پێویستە ئەو کەسەش لەگەڵ خێزانەکە گەشت بکات و گرنگیی بە سەگەکان بدات.
نوێنەری ئەو خێزانەی هەلی کارەکەی بە شێوەی ئۆنڵاین بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، ئەو کەسەی سەگەکان بەخێو دەکات، پێویستە رۆژانە بەرنامەی خوراکی سەگەکان و کاتی چوونەدەرەوەیان رێکبخات، ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆیان دابین بکات و پێیویستە شارەزایی تەواوی لەو کارەدا هەبێت.
هەرچەندە جۆرج رالف – دەن، هیچ زانیارییەکی لەبارەی تەمەن و جۆری سەگەکان و خێزانە ملیاردێرە ئەمەریکییەکە نەخستووەتەڕوو، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، تا کۆتایی ئەم مانگە کەسێک بۆ ئەو ئەرکە دەستنیشاندەکرێت.