ماکرۆن: هەڵگەڕانەوەی ڤاگنەر ئاماژەیە بۆ پەرتەوازەیی رووسیا

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرنسا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر ئاماژەیەکە بۆ پەرتەوازەیی ناو سەرکردایەتی رووسیا و ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام چاودێری بارودۆخی رووسیا دەکەن.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرنسا رایگەیاند، هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر لە دژی ڤلادیمێر پوتن، لەسەر جەنگی ئۆکرانیا پەرتەوازەیی نێو سەرکردایەتی رووسیا نیشاندەدات.

سەرۆکی فەرەنسا ئاشکراشی دەکات، سات بە سات چاودێری دۆخی رووسیایان کردووە و هەڵگەڕانەوەکە ئاماژەیەکیشە بۆ لاوازی سوپا و هێزە پاڵپشتیکەرەکانی و جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، هەموو ئەو رووداوانە رەوایەتی بە پشتیوانییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا لە دژی رووسیا دەده‌ن.

دوای ئەوەی بە نێوەندگیری سەرۆکی بیلارووسیا، سەرۆکی رووسیا و سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر رێککەوتن، گرووپە چەکدارییەکە بۆ بنکەکانی کشایەوە و سەرۆکی ڤاگنەریش چووه‌ بێلارووسیا.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی قەیرانەکەی رووسیاوە رایگەیاند، هەوڵی هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر بەسەر رووسیا، درزەکانی دەسەڵاتی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ئەو وڵاتەی دەرخست. ئاشکراشی کرد، کێشەی نێوان ڤاگنەر و دەسەڵاتدارانی رووسیا کۆتایی نەهاتووە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی چین ئاشکرای کرد، وڵاتەکە پشتیوانی لە هەوڵەکانی رووسیا بۆ پارێزگاریکردن لە سەقامگیری نیشتمانی دەکات و ئاماژەی بەوەشدا، قەیرانەکەی رووسیا کێشەیەکی ناوخۆیی بووە.

هاوکات سەرۆکی لیتوانیا رایگەیاند، ئەگەر پریگۆژین یان بەشێک لە سەربازەکانی گرووپی ڤاگنەر لە بیلارووسیا بن و چەکی ئەتۆمی رووسیاش لەو وڵاتە جێگیر کرابێت، پێویستە ناتۆ هەوڵەکانی بخاتەگەڕ و بەرەی رۆژهەڵاتی هاوپەیمانییەکە بەهێزتر بکات.

لەلایەکی دیکەشەوە سوپای ئۆکرانیا، کە ئێستا لە قۆناغی هێرشی پێچەوانەدایە، هەوڵیداوە سوود لە قەیران و ئاڵۆزییەکان رووسیا وەربگرێت و لە چەند بەرەیەکەوە هێرشی کردە سەر خاڵەکانی سوپای رووسیا.

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لە یەک رۆژدا شکستیان بە 10 هێرشی سوپای ئۆکرانیا هێناوە. ئیگۆر کۆناشینکۆڤ وتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا رۆژێک دوای هەڵگەڕانەوەی گروپی ڤاگنەر و جێهێشتنی فەرماندەی سەربازی ڤاگنەر دەڵێ، سوپای ئۆکرانیا بە ئاراستەی زاپۆریژیا هەوڵیداوە پێشڕەویی بکات و شکستیان پێهێناوە.

ئیگۆر کۆناشینکۆڤ گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا گوتی، "لە 24 کاتژمێری رابردوو هێزە سەربازییەکانی ئۆکرانیا بەردەوام هەوڵیانداوە لە دۆنێتسک و لیمان بە ئاراستەی زاپۆریژیا هێرش بکەن. لەئاراستەی دۆنێتسک و لە سنووری شاری ئارتیمۆڤسک، هێزی بەرگری باشووری سوپای رووسیا لە یەک رۆژدا شکستیان بە 10 هێرشی سوپای ئۆکرانیا هێناوە."

لە 24ـی شوباتی 2022، سوپای رووسیا لەسەر فەرمانی ڤلادیمێر پوتن، هێرشی سەربازی لە وشکانی و ئاسمانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و گرووپی ڤاگنەریش کە لە ژمارەیەکی زۆری چەکداری بەندکراو و سزادراوی پێشوو و خۆبەخش پێکدێن، شانبەشانی سەربازانی رووسیا بەشدارییەکی کارایان کرد لە جەنگەکەدا و تا راگەیاندنی هەڵگەڕانەوە بەردەوام بوون لە شەڕکردن.

درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023)، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکرد.

لە بەرانبەر ئەوەشدا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەوەی روودەدات خیانەتێکە و دەیانەوێت رووسیا بکەوێتە شەڕی ناوخۆ و ئاماژەی بەوەشکرد، "رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە خیانەتە پێویستی بە کاری هەمەلایەنە هەیە و سزای تاک بە تاکی خیانتەکاران دەدەین و لەبەردەم گەل بە دادپەروەرییان دەگەیەنین".

لە وەڵامی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کە باسی لەوەکردبوو، گروپی ڤاگنەر خیانەتییان کردووە، ئەو گرووپە رایانگەیاندووە، ئەو رێگەیەی سەرۆکی رووسیا گرتوویەتییە بەر هەڵەیە و بەمزووانە لەکارەکەی دووری دەخەنەوە و سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرن.

ئەو دۆخە نەگەیشتە 24 کاتژمێر و نووسینگه‌ی سه‌رۆكی بێلارووس بڵاویكرده‌وه‌، گرووپی ڤاگنه‌ر رازی بووه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ رووسیا هێوربكاته‌وه‌ و چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی بوه‌ستێنێت ئەمەش لەسەر پێشنیازی ئه‌لێكسا‌نده‌ر لۆكاشینكۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە کە گرووپەکە پێشڕەوییەکانی بەرەو مۆسکۆ بوەستێنێت.

هەروەها دێمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین رایگەیاند، مۆسکۆ دۆسیەی سکاڵا دژی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دادەخرێت و هیچ لێپێچینەوەیەکی لەگەڵدا ناکرێت و لە بەرامبەرئەوەشدا، پریگۆژین دەچێتە بیلارووسیا.