ئابووری عێراق بەرەو داکەوتن هەنگاو دەنێت لە روانگەی یاسای بودجەوە

Kurd24

بەر لە پەسەندکردنی بودجە، وەزارەتی پلاندانانی هەر وڵاتێک بیر لە کەموکوڕییەکانی وڵات دەکاتەوە و رەشنووسێک ئامادە دەکات، هەر یەکێک لە سێکتەرەکان بە گوێرەی پێویستی بودجەی بۆ تەرخان دەکات و پلانی ستراتیژی ئابووری لە رەشنووسەکەدا بەهەند وەردەگیرێت، دواتر رەشنووسەکە دەچێتە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێش بەگوێرەی پێویستی دووبارە خوێندنەوە بۆ رەشنووسەکە دەکرێت، لەوێشەوە بۆ پەرلەمان بۆ دەنگدان و پەسەندکردن و دواتیش جێبەجێکردنی لەلایەن حکومەتەوە.

هەریەک لەم دامەزراوانە بیر لە پێویستی سێکتەرەکان دەکەنەوە و بەگوێرەی پێویستی و ئەو پلانە ستراتیژییەی کە هەیە خوێندنەوەی بۆ دەکەن و  تێبینی لەسەر دەدەن، بەڵام لە عێراق چەندین ساڵە یاسای بودجە یەک شێوازی هەیە و هیچ ئایندەیەک بۆ باشتربوونی ئابووری وڵات لە بودجەدا بەدیناکرێت.

بەگوێرەی یاساکە، بودجەی گشتی عێراق زیاتر لە 75% بۆ مووچە تەرخانکراوە و 25%ـیش بۆ وەبەرهێنانە، ئەمەش دوو راستی تاڵ ئاشکرا دەکەن یەکەمیان: مووچەخۆران گەورەترین بارگرانین بەسەر بودجە و حکومەتی عێراقەوە و سێ ساڵی داهاتووش ئەم قەیرانە بەردەوام دەبێت، دووەمیان: نەبوونی هەلی کارە لە کەرتی تایبەتدا و تەواوی هاونیشتمانیان  و لە پێشەنگیاندا دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان هەلیکاریان تەنیا لە کەرتی گشتیدا بۆ دەڕەخسێت.

ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لە بودجەی 2023ـدا ئاوڕێک لە کەرتی تایبەت بدرێتەوە بەو بودجە زەبەلاحەی کە پەسەند کراوە، لانیکەم چەند سێکتەرێک ببووژێندرێتەوە و ژمارەیەک هەلی کار بڕەخسێت، هەروەها رێگری لە چوونە دەرەوەی سەرمایە بکرێت بە دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی و کارگە بچووک و مامناوەندەکان و بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری و هتد، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت وانییە و حکومەت بەردەوامە لەسەر ئەو هەڵەیەی کە ئابووری عێراق زیاتر پەککەوتە دەکات و دەیخاتە مەترسییەوە.

یەکێک لەو هۆکارانەی کە دەبوو حکومەتی عێراق و پەرمانتاران ئاراستەی بەکاربردنی بودجەی بۆ بگۆڕن، ئەوەیە کە عێراق بەشێوەیەکی گشتی زیاتر لە 95% پشت بە نەوت دەبەستێت و نرخی نەوتیش هەرکات دابەزێت کورتهێنانی بودجە زیاتر دەبێت، تاکە فریادڕەس سێکتەرەکانی دیکە دەبێت، بەڵام وەک دەبینین، لە یاسای بودجەدا وەک ساڵانی رابردوو کەرتەکانی بەرگری و نەوت پشکی شێریان بەردەکەوێت و کەرتە گرنگەکانی دیکە پشتگوێ خراون ئەمەش مانای وایە هەر بە لاوازی دەمێننەوە ئەگەر ئەو بڕە پارەی بۆیان تەرخانکراوە زیادنەکرێت.

0

ئەمە لە کاتێکدایە عێراق بەدەست چەندین کێشە و قەیرانەوە دەناڵێنێت و سێکەتەرەکانی بەرگری و نەوتیش نابنە فریادڕەس و قەیرانەکان قوڵتر دەکەنەوە، بە نموونە عێراق بەدەست قەیرانی کەمئاوی و کەمی بەرهەمی ناوخۆوە دەناڵێنێت، کێشەی رێگەوبان و چوونە دەرەوەی سەرمایەی هەیە، هەریەک لەم کێشانە بە بودجەی تەرخانکراو بۆ سێکتەرەکانی نانەوتی و نا بەگری چارەسەر دەبن، کێشەی ئاو و وشکەساڵی و بە بیابانبوون بە دروستکردنی چەند دەریاچەیەک و پشتێنەی سەوزایی کە پێشنیاز کراوە چارەسەر دەبن، بەڵام لە بودجەدا باس لەم بابەتانە نەکراوە، گەر باسیش کرابێت بەو شێوەیە نییە کە قەیرانەکە چارە بکات، قەیرانەکانی دیکەش بەهەمان شێوە پسپۆران پێشنیازیان کردووە و لە بودجەدا باسێک لەو پێشنیازانە نەکراوە.

کەواتە بەپێی تێڕوانین بێت لە یاسای بودجە، قەیرانەکان بەردەوام دەبن و راوسەرنجی پسپۆڕانیش لە چوار ساڵی ئایندەدا بەهەمان شێوەی رابردوو بۆ چارەسەری قەیرانەکان پشتگوێ دەخرێن و سێکتەرەکانی بەرگری و نەوتیش زۆرترین بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت، هەژاری و بێکاریش لە سەرووی هەموو قەیرانەکانەوە گەورەترین مەترسی بەردەم هاووڵاتییانی عێراقی دەبێت.