ئومێد خۆشناو: زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار بۆ جەژن هاتوونەتە هەولێر

K24 - هەولێر

زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار بۆ پشووی جەژن سەردانی هەولێریان کردووە، پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی جەژندا ژمارەی هاتنی گەشتیاران بەرزبێتەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە رۆژانی پشووی جەژن ژمارەیەکی زۆری گەشتیار روویان لە هەولێرو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، لە 19ی ئەم مانگە تا 27ی مانگ زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە.

پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند، پێشبینی دەکەن لە رۆژانی جەژندا ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەولێر زیاتر ببێت.

گوتیشی: "ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها سرووشتی جوانی کوردستان هۆکارن بۆ ئەوەی گەشتیاران رووی تێبکەن".