وەزارەتی ئەوقاف لەسەر بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز هاتە دەنگ
K24 – هەولێر:
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانەی بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن هاووڵاتییەک لە وڵاتی سوید دەکات.
رۆژی (29ـی حوزەیرانی 2023)، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوی بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە وڵاتی سوید دەکات و ئەو رەفتارە بە دوورە لەبەھای مرۆڤایەتی و دژی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەیی و ئاینداری وەسف دەکات.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان لەو وڵاتە، رێگری یاسایی لەم شێوە رووداوانە بکەن و بکەری سەرەکیش رووبەڕووی دادگا بکەنەوە".
هاوکات هەر ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تویتێکدا رایگەیاند، "سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکەم. داواکارم هەموو کتێبە ئاسمانییە پیرۆزەکان رێزلێگیراوبن لە هەموو شوێنێک و رێگە بگیرێت لە تێکدانی پێکەوەژیان".
دوای ئەوەی رۆژی (27ـی حوزەیرانی 2023)، پەنابەرێکی عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا لە وڵاتی سوید، دوای وەرگرتنی رەزامەندی پۆلیسی ئەو وڵاتە، هەستا بە بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم.
ئەم کارەش کاردانەوەی زۆری لە وڵاتانی ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێناو و بە فەرمیش حکومەتی عێراق ئیدانەی ئەو رەفتارەی کردووە کە ئەو پەنابەرە عێراقییە لە وڵاتی سوید ئەنجامیداوە.
هەروەها هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە تویتێکدا ئیدانەی بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆزی کرد و رایگەیاند، رێگری نەکردنی سوید لەو جۆرە کارانە، وادەکات تورکیا بۆ بەرگریکردن لە پیرۆزییەکانی زیاتر رێگری بکات لە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ.