هەفتەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوید و فینلاند لە برۆکسل کۆدەبنەوە

K24 – هەولێر:

سکرتێری گشتی ناتۆ، رایگەیاند، پێنجشەممەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، سوید و فینلاند کۆدەبنەوە و تیایدا سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکان و راوێژکارەکانی ئاسیشی نیشتیمانیش ئامادەدەبن.

ئەمڕۆ (29ـی حوزەیرانی 2023)، یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، لە رۆژانی 11 و 12 ـی مانگی داهاتوو لوتکەی ناتۆ لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت و بۆ یەکەمجار فینلاند وەک ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە بەشداری دەکات و تا کاتی لوتکەکەش کار بۆ بە ئەندامبوونی سوید دەکەن.

سکرتێری گشتی ناتۆ، راشگەیاند، پێنجشەممەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، سوید و فینلاند کۆدەبنەوە و تیایدا سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکان و راوێژکارەکانی ئاسیشی نیشتیمانیش ئامادەدەبن.

لە مانگی حوزیرانی 2022دا رێککەوتنێکی سێ لایەنە لە نێوان تورکیا، سوید و فینلەندا واژوو کراوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا تورکیا داوای لە سوید کردووە ژمارەیەک لەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ریزەکانی پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن داواکراون و لە سوید نیشتەجێن رادەستی تورکیا بکرێنەوە.

رۆژی (27ـی حوزەیرانی 2023)، پەنابەرێکی عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا لە وڵاتی سوید، دوای وەرگرتنی رەزامەندی پۆلیسی ئەو وڵاتە، هەستا بە بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم. لە بەرامبەر ئەو کارەی ئەم پەنابەرە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە تویتێکدا ئیدانەی بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆزی کرد و رایگەیاند، رێگری نەکردنی سوید لەو جۆرە کارانە، وادەکات تورکیا بۆ بەرگریکردن لە پیرۆزییەکانی زیاتر رێگری بکات لە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ.