ئیبراهیم رەئیسی: سووتاندنی قورئانی پیرۆز سووکایەتیکردنە بە تەواوی ئایینە ئاسمانییەکان

ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆككۆماری ئێران
ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆككۆماری ئێران

K24 - هەولێر:

ئیبراهیم رەئیسی سەرکۆماری ئێران، رایگەیاند، سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەبەردەم مزگەوتێک لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید لە ژێر ناوی ئازادی رادەربڕیرینەوە، سووکایەتیکردنە بە تەواوی ئایینە ئاسمانییەکان و مسوڵمانانیش چاو لەوە ناپۆشن.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران IRNA بڵاوی کردەوە، رەئیسی لە رێوڕەسمێکدا رایگەیاندووە: "سووکایەتی بە بەهادارترین کتێبی ئاسمانی دەکەن کە رێنیشاندەری مرۆڤایەتییە، بەم کارە دڵی تەنیا دوو ملیار موسوڵمان نا، بەڵکو تەواوی پەیڕەوکارانی ئایینە ئیبراهیمی و ئایینە ئاسمانییەکان شکێندراوە".

رەئیسی جەختی لەوە کردەوە کە سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز نەک هەر "ئازادی رادەربڕین" نییە، بەڵکو دژایەتی ئازادیشیە، گوتی: "سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لە ژێر ناوی ئازادی رادەربڕیرینەوە، سووکایەتیکردنە بە تەواوی ئایینە ئاسمانییەکان و جیهانی ئیسلامی چاو لەوە ناپۆشێت".

رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان "حاجییان"، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، کۆپییەکی "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند. سووتاندنی ئەو کۆپییەی قورئان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.

دوای ئەو رووداوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 29ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگهێشتکرد و "نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی" پێدا بەهۆی "مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە."

هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقیە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی تووندی بەدوادا هات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوید بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینیەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست روویدا و خۆپیشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.

ئێوارەی ئەمڕۆش خۆپیشاندانی ملیۆنی لایەنگرانی سەدر لە دژی سووتاندنی "قورئانی پیرۆز" لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام به‌كارهێنانی ئاڵای سه‌رایا سه‌لام، گوتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی هەموو جۆرە وێنەیەک لە خۆپیشانداکەدا قەدەغە کراوە.