کوردستان24 زانیاری لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی 12 بڵاودەکاتەوە

K24 – هەولێر:

لیژنەی باڵای ئەزموونەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کارەکانی بۆ راگەیاندنی ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 و بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامەکان رادەگەیەندرێت.

رۆژی یەکشەممە (2ـی تەمموزی 2023) سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کارەکانی وردبینیکردن و پشکین بۆ پەڕاوەکانی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12 بە هەموو لقەکانییەوە کۆتاییهاتووە و لە چەند رۆژی داهاتوو ئەنجامەکان رادەگەیندرێت.

ئەو سەرچاوەیەی کوردستان24 لە وەزارەتی پەروەردە جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئەگەر هیچ گرفتێکی تەکنیکی نەیەتە پێشەوە، بە دڵنیاییەوە سبەی ئێوارە یان دوو سبەی ئێوارە ئەنجامەکان لە رێگەی ماڵپەڕی ئەزموونەکانەوە رادەگەیەندرێت.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، وابڕیارە سبەی دووشەممە (3ـی تەمموزی 2023)، لیژنەی باڵای ئەزموونەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە بۆ هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی وادەی راگەیاندنی ئەنجامەکان.

رۆژی شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023) بە بەشداری 117 هەزار و 364 قوتابی، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەگشت لقەکانییەوە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا 27ـی حوزەیرانی 2023 بەردەوام بوو.

کە زۆرترین ژمارەیان لە پەروەردەکانی پارێزگای هەولێر بوو کە پێکهاتبوو لە 38 هەزار و 626 قوتابی، دوای ئەویش پەروەردەکانی پارێزگای سلێمانی بە 26 هەزار و 384 قوتابی، لە دهۆکیش 26 هەزار و 202 قوتابی و لە پارێزگای هەڵەبجەش هەزار و 839 قوتابی و لەسەر ئاستی ئیدارەی سەربەخۆکانیش، لە سۆران حەوت هەزار و 98 قوتابی، لە زاخۆ شەش هەزار و 196 قوتابی، لە راپەڕین پێنج هەزار و 829 قوتابی و لە گەرمیان پێنج هەزار و 190 قوتابی بەشداری تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەییان کرد.

هاوکات بۆ تاقیکردنەوەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دوو هەزار و 106 هۆڵی تاقیکردنەوە ئامادەکرابوو کە لەلایەن 11 لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەوە سەرپەرشتی دەکران و لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش 40 لیژنەت تاقیکردەوە و لەسەر ئاستی شارۆچکەکانیش 114 لیژنەی تاقیکردنەوە سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکانیان کرد کە لە هەزار و 570 سەرپەرشتیار پێکهاتبوون.

واشبڕیارە (6ـی ئابی 2023) خولی دووەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەگشت لقەکانییەوە دەستپێبکات و هەفتەی داهاتووش وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی خشتەی خولی دووەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 بە گشت لقەکانییەوە رابگەیەنێت.