باکۆ سۆرانی بە شانۆی "من" بەشداری ڤیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی هۆڵەندای کرد
K24 - هەولێر:
ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی (KETI KOTI) بۆ شانۆ، ساڵانە لە وڵاتی هۆڵەندا بە بەشداری وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی ساز دەکرێت و ئەمساڵیش هونەرمەندێکی کورد بە تابلۆیەکی شانۆیی کە ناوی نرابوو "من"بەشداری تێداکرد، هەروەها ئامانجی ڤیستیڤاڵەکە قەدەغەکردن و کۆتایی هێنانە بە چمکی کۆیلایەتی و ژێر دەستەیی مرۆڤ و چیرۆکە تراژیدییەکانی خەڵکی بێ دەرەتان.
باکۆ سۆرانی دەرهێنەری کوردیش بە شانۆگەریی من لەو ڤیستیڤاڵەدا بەشداربوو بۆ کوردستان24 گوتی: "تابلۆ شانۆییەکەم بەشێک بوو لە ئەزموون و ژیانی رابڕدووم، بەتایبەت ئەو کاتەی ملازم عەلی لەسەردەمی رژێمدا ئازار و ئەشکەنجەیدام و هەوڵی ئەوەیاندا وەک کۆیلەیەک لە قەفەزێکدا ناچارم بکەن بە قبوڵکردنی فەرمانەکانیان و وەستانەوە دژی نەتەوەکەم، ئەگەرچی ئازارێکی زۆر درام، بەڵام نەیانتوانی چەمکی کۆیلەگەرایەتی بەسەر من و نەتەوەکەمدا بسەپێنن، لەم ڤیستیڤاڵە نێودەوڵەتیشدا چیرۆکی شانۆگەرییەکەم هەمووانی سەرسام کرد، جگە لە توانستە زانستیەکان و بە هونەریکردنی چیرۆکەکەم لەم شانۆگەرییەدا".