ئومێد خۆشناو: سعودییە ئارەزوو دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردستان پەرەپێبدات

K24 – هەولێر:

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ خالد فالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعودییە، جێگری وەزیر و یاریدەدەری وەزیر کۆبوونەوە، هەروەها، ئومێد خۆشناو رایگەیاند، سعودییە ئارەزوو دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردستان پەرەپێبدات.

ئەمرۆ چوارشەممە رێککەوتی (5ـی تەمموزی 2023)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە میانەی راگەیەندراوێکدا، رایگەیاند، لەگەل خالید فالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعوودییە کۆبوونەوە و لە میانی  کۆبوونەوەکەدا خالد فالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعوودییە سەردانی پارێزگاری هەولێریان بەبەهادار وەسفکرد و هەرێمی کوردستانیان بە ناوچەیەکی ستراتیژی پێناسەکرد. دووپاتیانکردەوە کە لە بواری وەبەرهێناندا سعودییە لە پەرەسەندن و گەشەی فراوانی ئابووری و وەبەرهێنان دایە، بۆیە ئارەزوو دەکەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردستان پەرەپێبدەن.

لە راگەیاندراوەکەشدا هاتووە، پارێزگاری هەولێر، جەختی لەسەر گرنگی پێدانی زۆری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پتەوکردنی ئەو پەیوەندیانە لەگەڵ سعودییە کردەوەو و هەروەها بایەخی ستراتیژی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولای بە ئەرێنی هەڵسەنگاند.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە گرنگی سازدانی کۆنفرانسی مانگی داهاتوو لە هەولێر کرد و بەشداری کردنی وەبەرهێنەرانی سعودییەی بە درێژەپێدەری پەیوەندییە مێژووییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سعودییە لە قەڵەمدا.