هونه‌رمه‌ندی میوزیكژه‌ن جان تۆماس کۆچی دوایی کرد

K24 - هەولێر

هونه‌رمه‌ندی میوزیكژه‌ن، جان تۆماس به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچی دواییكرد.

هونه‌رمه‌ند جان تۆماس لە ساڵی 1947 لە کۆیە لە دایکبووە و به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 6/7/2023 کۆچی دوایی کرد.

جان تۆماس، یەکێک بوو لە هونەرمەندە بە توانا ‌و بەئەزموونەکانی کوردستانە، لەگەڵ چەندین تیپی میوزیکی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان کاریکردووە وەک: ( تیپی باواجی كۆیه‌، تیپی هونه‌ری هه‌ولێر، تیپی مۆسیقای سلێمانی  و تیپی خانزاد و تیپی باكووری رۆژئاوایی).

دوای ئەنجامدانی رێوڕەسمێک لە کەنیسەی ماریۆ حەننا، تەرمی هونەرمەندی دێرین و موزیکژەن، مامۆستا (جان تۆماس) لە گۆڕستانی عەنکاوە بە خاکدەسپێردرێت.

تۆماس لە سەرەتای هەشتاکانەوە وەک کەمانجەژەنێکی بەرچاو لەگەڵ تیپی باواجی کۆیە و تیپی هونەری هەولێر بە دانانی چەندین ئاوازی رەسەن ژوانی لەگەڵ هونەردا بەست و لە یەکەم وێستگەی بەرپرسیاریەتی هونەریشدا بوو بە یەکەم سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و لە ماوەی تەمەن و خزمەتی هونەریدا چەند پارچە موزیکێکی تایبەتی بڵاوکردەوە، کە وەک شاکارێکی مۆدێرن لە کۆیە ئاوێزانی خەڵکە هونەردۆستەکەی ئەو ناوچەیە بوو.
پاشان لەگەڵ تیپی هونەری خانزاد و تیپی باکووری رۆژئاوای و تیپی مۆسیقای سلێمانی درێژەی بە کارە هونەرییەکانی دا و وەک هونەرمەندێکی بە ئەزموون توانی نەوەیەکی موزیکژەن بێنێتە نێو بزووتنەوەی هونەر و موزیکی کوردی.
جان تۆماس لە 1947 لە شاری کۆیە لە دایکبووە و دەسپێکی کارە هونەرییەکانی لەگەڵ تیپی باواجی کۆیە بووە، وەک یەکێک لە هونەرمەندە بەرچاوەکانی بواری موزیک دەرکەوتووە و نزیکە نیو سەدە لە خزمەت هونەری موزیکدا بووە و لە ژیانی هونەری خۆیدا چەندین ئاوازی بۆ هونەرمەندان داناوە لەوانەش "تاهیر تۆفیق" و باکووری و فوئاد ئەحمەد و چەند هونەرمەندێکی دیکە و جگە لە دامەزراندنی چەند گرووپێکی موزیکی و ناوەندی فێرکردنی کەمانجە ژەنین و دانانی ئاواز و گونجاندن لەگەڵ تێکست بۆ گۆرانی نوێ.
بڕیاریشە ئەمڕۆ بە رێوڕەسمێک لە کلێسای ماریۆ حەننا تەرمەکەی بەرەو گۆڕستانی عەنکاوە بەڕێبکرێت و لە زێدی باپیرانی بە خاکبسپێردرێت.

.