چیرۆکی سوتانی نیعمەت و محەممەدی کوڕی لە بەرتیانیا

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

شەممەی رابردوو خێزانێکی کوردی دانیشتووی بەریتانیا ئاگر لە ماڵەکەیان دەکەوێتەوە و بەو هۆیەوە باوک و کوڕێکی تەمەن سێ ساڵ گیانیان لەدەستدا، دوای نزیکەی هەفتەیەک، ئەمڕۆ 8/7/2023، تەرمی باوک و کوڕەکە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان و لە هەولێر بە خاکسپێردران.

بەگوتەی شایەدحاڵەکان، لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکە محەممەد سێ ساڵە لە ژوورەوە بووە و نیعمەتی باوکی ویستویەتی کوڕەکەی رزگار بکات، بەڵام هەردووکیان سوتاون و گیانیان لەدەستداوە.

مەسعوود لاوە، برای نیعمەت چیرۆکی رووداوەکە بۆ کوردستان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "کاتێک نیعمەت دەبینی کوڕەکەی لە ژوورەوە لەناو ئاگرە بێ بیرکردنەوە لەتاو کوڕەکەی چووەتە ژوورەوە کوڕەکەی رزگار بکات، بەڵام کوڕەکەی لەناو ئاگردا نەدۆزیبووەوە و خۆشی گیانی سوتابوو، دواتر خۆی لە پەنجەرەی خانووەکە فڕێدابوو کەوتبووە خوارەوە".

برایەکی دیکەی نیعمەت بەناوی مەتحەد لاوە، دەڵێت: "پۆلیس و هێزەکانی بەرگری شارستانی بەریتانیا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەکەن لەو رووداوە، بەڵام تائێستا هۆکارەکە دیار نییە، لە راستیدا ئەوان زوو بڕیارنادەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکار، تا لێکۆڵینەوە تەواو دەرنەچێت، وەکخۆیان دەیانگوت رەنگە سێ مانگی پێ بچێت".

نیعمەت لاوە، تەمەنی 52 ساڵ، خەڵکی هەولێرە و ماوەی 21 ساڵە لەگەڵ هاوسەرەکەی و سێ منداڵەکەی  لە وڵاتی بەریتانیا دەژیان، لە رووداوێکی ئاگر کەوتنەوەدا لە ماڵەکەیان، تەنیا هاوسەر و کچ و کوڕێکی رزگاریان بوو، نیعمەت و محەممەدی کوڕی گیانیان لەدەستدا.