ئەردۆغان: مووچه‌ی خانه‌نشینان زیادده‌كه‌ین
K24 – هەولێر:
سەرکۆماری تورکیا، له‌باره‌ی هه‌ڵاوساون له وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاند، "بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان. ده‌شڵێت: "مووچه‌ی خانه‌نشینان زیادده‌كه‌ین".
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌كاتی كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌ك له گوتارێكدا رایگه‌یاند، رێژەی لەسەدا 25ـی مووچەی خانه‌نشینان زیاددەکەین، بەڵێنەکەمان دەبەینە سەر کە گوتمان، رێگە نادەین خانەنشینان بەهۆی زیادبوونی هەڵئاوسانەوە زیانیان پێ بگات".
سەباره‌ت به هه‌ڵاوسانیش رایگه‌یاند: "بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان، بێگومان رێگە بە تەماعکار و دەرفەتخوازان نادەین".
بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، پرۆژەیاسای بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەی فەرمانبەران بۆ 22 هەزار لیرە کە دەکاتە نزیکەی 847 دۆلار، لەلایەن فراکسیۆنی ئاکپارتییەوە پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا دەکرێت.
بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی ئەو پاکێجە ئابوورییە دایە کە بەر لەبانگەشەی هەڵبژاردندا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڵێنی دابوو جێبەجێی دەکات.
سەرۆک کۆماری تورکیا دەیەوێت لە رێگەی تیمی نوێی ئابوورییەوە بتوانێت رێژەی هەڵئاوسان کەمبکاتەوە و بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلار بەرزبکاتەوە و جێگیری بۆ بازاڕ و ئابووری وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە.
دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنه‌كانی توركیا، کە لە (14ـی ئایاری 2023)، بەڕێوەچوو، هه‌ریه‌ك كه‌مال كڵچدار ئۆغڵو و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان نەیانتوانی دەنگی نیوەی زیاتری دەنگدەران بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بەدەستبهێنن، بۆیە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، کەوتە گەڕی دووەم کە ئەمەش بووە یەکەم هەڵبژاردن لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی توركیا، پەنا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن ببرێت و ئه‌ردۆغان له گه‌ڕی دووه‌م زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و بووه‌وه سه‌رۆككۆماری ئه‌و وڵاته.