سبه‌ی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

پارتی و یه‌كێتی
پارتی و یه‌كێتی

K24 – هەولێر:

سبه‌ی پارتی و یه‌كێتی تاووتوێی پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ده‌كه‌ن.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، وا بڕیارە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی سبەی (یەكشەممە، 9ـی ته‌مموزی 2023)، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتی بکات و کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسی ئەنجامبدرێت.

وا بڕیاره‌ پارتی و یه‌كێتی تاووتوێی پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان بكه‌ن.

رۆژی  (16 ی 5ی 2023)  پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ شاری سلێمانی كۆبوونه‌وه‌، له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، "دوای دەستپێشخەریەکەی جەنابی کاک مەسعود بارزانی  کە رۆژی 11 ی 5ی 2023 لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی خستیە ڕوو ، هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبونەوه‌ و هاوڕا بوون کە پێکەوە لەگەڵ لایەنە بەڕێزەکانی  دیکەش  هەنگاوی کرداری بنرێت.

دواتر رۆژی 26ـی حوزه‌یرانی 2023، کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر ئه‌نجامدرا، وا بڕیاریشه‌ سبه‌ی هه‌ردوولا له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ پیرمام كۆببنه‌وه‌.