کابینەی نۆیەم؛ سێکتەری وەبەرهێنان دەروازەیەکی دیکەی کوردستان بە رووی جیهاندا

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

وەبەرهێنان یەکێکە لە گرنگترین ئەو سێکتەرانەی کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەرنامە و پلانی تایبەتەوە کاری تێداکردووە و ئەو بوارەی کردووەتە دەرفەتێک بۆ راکێشانی سەرنجی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

ئامانج لە گرنگیدان بە سێکتەری وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەم، زیاتر بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و ئاوەدانکردنەوە و رەخساندنی هەلی کارە لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە 11 سێکتەردا 276 پرۆژەی جیاواز بە سەرمایەی زیاتر لە 13 ملیار دۆلار.

بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، 276 پرۆژەی وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی بازرگانی، بانکەکان، تەندروستی، پیشەسازی، خزمەتگوزاری، گەشتیاری، پەروەردە، کشتوکاڵ، نیشتەجێبوون، هونەری و وەرزشی بە سەرمایەی 13 ملیار و 496 ملیۆن و 118 هەزار و 948 دۆلار ئەنجامدراوە.

بەشێوەیەک لە پارێزگای هەولێر 122 پرۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی 10.1 ملیار دۆلار لەسەر رووبەری زیاتر لە شەش هەزار دۆنم ئەنجامدراوە.

هەروەها لە پارێزگای سلێمانی 72 پرۆژەی وەبەرهێنان بە سەر سەرمایەی 2.2 ملیار دۆلار لەسەر رووبەری زیاتر لە سێ هەزار دۆنم ئەنجامدراوە و لە پارێزگای دهۆکیش 51 پرۆژەی وەربەرهێنان لەسەر رووبەری دوو هەزار و 759 دۆنم بە سەرمایەی نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار ئەنجامدراوە.

لە پارێزگای هەڵەبجەش دوو پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەر رووبەری 32.5 دۆنم بە سەرمایەی 28.3 ملیۆن دۆلار جێبەجێکراوە و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش 12 پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەر رووبەری هەزار و 146 دۆنم بە سەرمایەی 393 ملیۆن و 621 هەزار دۆلار ئەنجامدراوە، لە ئیدارەی راپەڕین پێنج پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەر رووبەری 21.1 دۆنم بە سەرمایەی 12 ملیۆن و 478 هەزار دۆلار جێبەجێکراوە و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش سێ پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەر رووبەری 34 دۆنم بە سەرمایەی 15 ملیۆن و 257 هەزار دۆلار و لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش نۆ پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەر رووبەری 394 دۆنم بە سەرمایەی 44 ملیۆن و 58 هەزار دۆلار ئەنجامدراوە.

هەر بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان، سێ پرۆژەی وەبەرهێنان لەلایەن وەبەرهێنەرانی بیانییەوە بە سەرمایەی چوار ملیار و 962 ملیۆن و 407 هەزار و 800 دۆلار جێبەجێکراوە و سێ پرۆژەی دیکەی وەبەرهێنانی هاوبەش لەنێوان وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆیی بە سەرمایەی 37 ملیۆن و 384 هەزار دۆلار ئەنجامدراوە و کۆی گشتی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی ناوخۆیش 270 پرۆژەیە بە سەرمایەی هەشت ملیار و 496 ملیۆن و 327 هەزار دۆلار ئەنجامدراوە.

ئەو پرۆژانەی لەلایەن وەبەرهێنەرانی بیانییەوە ئەنجامدراوەن لە وڵاتانی لوبنان، چین و تورکیاوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و پرۆژە هاوبەشەکانیش لەلایەن وەبەرهێنانی ناوخۆیی و وەبەرهێنەرانی هەر یەکە لە وڵاتانی چین، تورکیا، میسر و کەنەدا ئەنجامدراون.

هەروەها رۆژی (19ـی حوزەیرانی 2023)، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کونسوڵە گشتی و نوێنەره‌ دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی و ژوورە بازرگانییەکانی وڵاتانی جیهان، رێورەسمی ناساندنی بڕاند و وێبسایتی ئینڤێست کوردستان بەڕێوەچوو.

دەستەی وەبەرهێنان لە رێگەی ئینڤێست کوردستانەوە، هەوڵی زیاتر راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی دەدات بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە سێکتەرە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەویش بە پێدانی زانیاری لەسەر کۆی پرۆسەی ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی رێکارە یاسایی و کارگێرییەکان و گرنگی ئەو دەرفەتانەی لەو سێکتەرە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمدا هەیە، هاوکات جەخت لەسەر ئاسانکاری و هەماهەنگی وەبەرهێنەرانیش دەکرێتەوە بۆ هێنانی بیرۆکە و کارەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان.