کابینەی نۆیەم؛ پاراستنی ژینگەی کوردستان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

گرنگیدان بە پاراستنی ژینگە یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا هەنگاوی کرداری بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان نراوە و پلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئاستی وەزارەتەکانی کارەبا، کشتوکاڵ ، شارەوانی و دەستەی ژینگە جێبەجێدەکرێن.

لە چوار ساڵی رابردوودا شەش ملیۆن مەتر دووجا ئاگربڕ بۆ پاراستنی دارستانە سروشتییەکان دروستکراوە، هەروەها دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن پورەی هەنگ و زیاتر لە سێ ملیۆن داری دارستان و باخداری چێندراوە و کەمکردنەوەی لێدانی بیرە نایاساییەکانیش بە رێژەی 90٪ کەمی کردووە، جگە لەمانە ئێستا پاشماوە پزیشکییەکان بە ئامێری تایبەت دەسووێندرێن کە رێگری لە هاتنی دووکەڵ و پاشماوە ژەهراوەییەکان بۆ نێو کەشوهەوای کوردستان دەکات.

لە کەرتی کارەباشدا لە هەرێمی کوردستان، لە سێ سەرچاوەی وزەی پاك کارەبا بەرهەمدەهێندرێت کە بریتین لە کۆمباین سایکڵ، وزەی خۆر و ئاو. ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی پاك لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سەدا 20ـی تێکڕای ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستانە.

ئێستا رۆژانە لە هەرێمی کوردستان، سێ هەزار و 900 مێگاوات کارەبا بەرهەمدێت کە نزیکەی 500 مێگاوات کارەبا لە وزەی پاكە و دەکاتە رێژەی 12%ـی تێکڕای بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، لە هەمانکاتدا سێ پڕۆژەی دیکەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە جێبەجێکردندان کە توانای هەریەکیان 25 مێگاواتە و لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەو پڕۆژانەش فراوانتر دەکرێن و بەمەبەستی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر.

لەگەڵ ئەمانەش بەپێی خەمڵاندنەکان هەر یەک مێگاوات کارەبا کە لە وزەی خۆر بەرهەمدەهێندرێت لە هەر کاتژمێرکێدا رێگری لە چوونی 350 کیلۆ گرام گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ ناو هەوا دەکات. بە گشتی لە هەر رۆژێکدا رێگری لە چوونی چوار هەزار و 800 تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەگرێت بچێتە ناو هەوای کوردستان. 

سەبارەت بە رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، رێژەی سەوزایی لە 15%ـەوە بۆ 18% بەرزبووەتەوە، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی ستراتیژی کردووە بە چاندنی 100 ملیۆن دار بەڕوو، لە قۆناغی ئێستادا زیاتر لە 100 هەزار دار بەڕوو چێندراون و پڕۆژەکەش لەسەر ئاستی کوردستان جێبەجێدەکرێت و بەردەوامیشە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، دروستکردنی و بەنداو و پۆندەکان و گرنگیدان بە زیادکردنی رێژەی سەوزایی بەتایبەتی لەو ناوچە پیشەسازی و وەبەرهێنانانەی کە لە لە قۆناغی دروستکردنان یاخود پێشتر تەواوکراون، بە تەرخانکردنی رێژەی پێویست بۆ سەوزایی، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژینگە و کەشوهەوای کوردستان دەبێت.