کابینەی نۆیەم؛ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان ئەو هەنگاوە ستراتیژیەیە کە کابینەی نۆیەم کاری لەسەر دەکات بەمەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات.

خەرجی مانگانەی هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک تریلیۆن و 200 ملیار دینارە لەو بڕەش نزیکەی 350 ملیار دیناری لە داهاتی ناوخۆییەوە دابین دەکرێت کە دەکاتەوە نزیکەی 29%ـی کۆی گشتی داهاتەکان، بەراورد بە ساڵانی رابردووش ئاستی داهاتی ناوخۆ بە رێژەی 100% زیادکراوە.

گرنگترین سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان بریتین لە (باج،  گومرگ، داهاتی وەزارەتەکانی ناوخۆ، شارەوانی، کارەبا، تەندروستی، داد، بازرگانی و گواستنەوە و گەیاندن و بەشێکی دیکە لە دامودەزگاکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان) جگەلە مانەش، ئێستا هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندێکی گرنگی ترانزێت و بازرگانیکردن بە شێوەیەکی گشتی قەبارەی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان نزیکەی 25 ملیار دۆلارە و لە ساڵی رابردووش بە بەهای 12 ملیار دۆلار بازرگانی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان کراوە.

هەروەها لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 13.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کراوە کە دەکاتەوە نزیکەی 20%ـی کۆی پڕۆسەی وەبەرهێنان لە تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها لە کابینەی نۆیەمیش نزیکەی 120 هەزار هەلی کار بۆ دەستی کاری ناوخۆیی فەراهەمکراوە.

لە بواری کشتوکاڵیشدا کابینەی نۆیەم کار بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی کشتوکاڵی دەکات و هانی وەبەرهێنەران و جووتیاران دەدات کە ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی بەرزبکەنەوە و ئاسانکاری تەواویشیان بۆ دەکات لە کەرتی گەشتوگوزاریشدا ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران کراوە، تەنها لە ساڵی رابردوو نزیکەی شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەریمی کوردستانیان کردووە کە بوونەتە هۆکاری هێنانی نزیکەی یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ ناوخۆی هەریمی کوردستان کە هاووڵاتییان بە پلەی یەک سوودمەندبوونە لە داهاتی هاتنی گەشتیاران.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی گرنگیدان بە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و رێژەی هاتنی گەشتیارانی بۆ هەرێمی کوردستان بەرزکردووەتەوە، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر بووژانەوەی سیکتەرەکانی گەشتیاری و وەبەرهێنان سێکتەرە سەرەکییەکانی دیکە، لە کۆتاییشدا، کاریگەری لەسەر زیادبوون و هەمەچەشنکردنی داهات دروستدەکات.