سەفین دزەیی: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە ئاستێکی باشدایە

سەفین دزەیی، بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە رووی نێودەوڵەتییەوە لە ئاستێکی باش دایە و بووەتە جێگەی بایەخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

سەفین دزەیی، بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی قەیرانی دارایی و سەردەمی هاتنی پەتای کۆرۆنا لە کارە گرنگەکانی خۆی بەردەوام بوو و پەکی نەکەوت، بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنی خواستی هاووڵاتییان.

هەروەها راشیگەیاند، لە رووی نێودەوڵەتییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر باشی ناوە، بە تایبەت لە رووی سەردانی شاندی پایە بەرزی وڵاتانی جیا جیا لە هەرێمی کوردستان و شاندەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەکان سەردانی جیا جیایان کرد بۆ وڵاتانی جیا جیا و دیداری فەرمیان ئەنجامدا، هەروەها بەشداریان کردووە لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت کۆڕبەندی میونیغ، داڤۆس و وڵاتانی کەنداو.

بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باش دایە و هەرێمی کوردستان لە چەندین بواردا جێی بایەخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، هاوکات هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیر و شوێنی پێکەوە ژیان بووە، جێگەی حەوانەی سەدان هەزار کەس  بووە.

جەختی لەوەشکردەوە، یەکێکی دیکە لە کارە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان و فرەچەشنکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان بوو، هەروەها لەو بوارانەدا  سوودی لە چەندین ئەزموونی وڵاتانی سەرکەوتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە وڵاتانی ئەروپی وەرگرت.

سەفین دزەیی، ئەوەشی خستەڕوو، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کونسۆڵی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستاندا کراوە لەو نزیکانەش کونسۆڵگەری قەتەری دەستبەکار دەبێت، هەروەها بڕیارە وڵاتی ئازەربەیجانیش کونسۆڵی خۆی لە هەرێمی کوردستاندا بکاتەوە، کونسۆڵی ئیتاڵیا لە کونسۆڵگەریەوە ئاستی خۆی بەرز کردووەتەوە بۆ کونسۆڵگەری گشتی کە چوارچێوەی کارەکانی فراوانتر دەبێت.

لەبارەی پەیوەندیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتی بەریتانیا، بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گووتی:" بانگهێشتکردنی شاندی  هەرێم لەسەر ئاستی جیا جیا بۆ بەشداریکردنی لە کۆڕ و کۆڕبەندە نیودەوڵەتییەکان بە شێوەی فەرمیش دیداری فەرمی کە ساڵی رابردوو لە بەریتانیا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی کرد و لەگەڵ هەشت وەزیری ئەم وڵاتە کۆبووەوە، هاوکات دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران پەیوەندیییەکانی هەرێم و بەریتانیا لە زۆر بواردا بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینی".

گووتیشی:" کونسۆڵگەری بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە پێشکەشکردنی خولی راهێنان و خولی دیکە بە تایبەتی بۆ دادوەرە بەڕێزەکان".

سەفین دزەیی، لە درێژەی قسەکانیشیدا، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە تورکیا و لە وڵاتانی دیکە لە وڵاتانی بێنەلۆکس لە هۆڵەندا لە بەلجیکا پیشوازیەکی گەرمی لێکرا و سەردانەکەی بە گرنگ وەسفکرا و جێگەی بایەخی ئەم وڵاتانە بوو، هەروەها "قەوارەی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکە بووتەوە جێگەی شانازی دۆستەکانمان، وڵاتانی دەرەوەش هاوکارن بە تایبەت بینیمان هاوپەیمانان لە ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگیان هەبوو".

سەبارەت بە کونسۆڵگەری وڵاتانی عەرەبی، بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گووتی:" حەوت وڵاتی عەرەبی کونسۆڵگەرییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگە، چونکە پیشتر وڵاتانی عەرەبی دیدێکی دروستیان لەسەر ئێمە نەبوو، بەڵام لە ئێستادا دیدێکی دروستیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها ئەم کونسۆڵگەرییانە دەتوانن راستەوخۆ بارودۆخی هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچوونەکانی لە رووی ئابووری، سیاسی کلتووری و فەرهەنگیەوە بگوازنەوە وڵاتەکانی خۆیان، ئەوەش پردێکە لەنێوان ئێمە و ئەو وڵاتانە".

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی درواسێ ئێران و تورکیا، سەفین دزەیی، رایگەیاند،  "پەیوەندییەکی ئابووری بەهێزمان هەیە لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و ئێران، هەروەها پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکدی پەیوەندییەکی تەباییانە و برایانەیە".