دید و تێڕوانینی نووسەرانی عەرەب لەبارەی کارەکانی کابینەی نۆیەم

K24 – هەولێر:

نووسەرانی عەرەب، کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە گرنگ وەسفکرد و حکومەتی هەرێمیان بە حکومەتێكی بەهێز و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان ناوزەندکرد، هاوکات جەختیشیان لەسەر بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و به‌غدا کردەوە.

هادی جلومه‌رعی، سەرۆکی سەنتەری بڕیارە سیاسییەکان بۆ لێکۆڵینەوە، تاڵیب محەممەد توێژەر و شرۆڤەکاری سیاسی، عەلی ئەلبەیدەر نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی، کتاب ئەلمیزان شرۆڤەکاری سیاسی و موهەنەد جەنابی مامۆستای زانکۆ، لە میانەی بەشداریکردنیان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایده‌گه‌یه‌نن، کاتێک جیهان لە دۆخێکی ئاڵۆزدا بوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەستی بەکارەکانی کرد و بە شێوەکی سەرنجراکێش سەرکەوتوو بوو.

هادی جلومه‌رعی سەرۆکی سەنتەری بڕیارە سیاسییەکان بۆ لێکۆڵینەوە رایگەیاند، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی توانی بەسەر هەموو قەیرانەکان زاڵ بێت و وڵات بەرەو پێشببات، بینیمان کەرتی گەشتیاری، پیشەسازی، کشتوکاڵ و وەبەرهێنان چۆن بەرەوپێشچوون، شایەتی ئەوەین کە چۆن هەناری کوردستان گەیشتە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دەرەوە، لە رووی رێگاوبانیشەوە کوردستان پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. 

سەرۆکی سەنتەری بڕیارە سیاسییەکان بۆ لێکۆڵینەوە، ئاماژەی بەوەشدا، لە سەردەمی ئەم کابینەدا وەرزی کۆچی پێچه‌وانه‌ بۆ کوردستان ده‌ستیپێكرد، بەهۆی سەقامگیری کوردستان و بەرەوپێشچوونی زیاتری کەرتی گەشتیاری، هەموو هاووڵاتییانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەمیشە حەز دەکەن سەردانی  هەرێمی کوردستان بکەن، هەروەها لە رابردوودا سەرۆک بارزانی بڕیارێکی دەرکردبوو تێدا گوتبووی: "هەر هاووڵاتییەک لە هەر ناوچەیەکی عێراق دێتە هەرێمی کوردستان، پێویستە مامەڵەی وەک هاووڵاتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵدا بکرێت، واتا نابێت جیاکاری لە نێوانیان بکرێت"، بینیمان لە راستیدا جێبەجێ کرا، ئەمەش بۆ گەورەیی و سیاسیەتی مەزنی سەرۆک بارزانی دەگەڕێتەوە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نیوان هەولێر و بەغدا، هادی جلومه‌رعی، گوتی: "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە واقعێکی سیاسی بەرز جیا دەکرێتەوە، بە هاوسەنگی مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکات، هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوودانی لە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوو دایە، هاوکات داوای بەردەوامی گفتوگۆی نێوان هەرێم و عێراق دەکەم، چونکە ئەو خێرەی بۆ هەرێمی کوردستان دێت، بەشێکیشی بەر عێراق دەکەوێت، بەردەوامی گفتوگۆکان خزمەتی هەردوولا دەکه‌ن".

سەرۆکی سەنتەری بڕیارە سیاسییەکان بۆ لێکۆڵینەوە، هیوایخواست، گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و عێراق بەردەوام بێت. داواش دەکات، لە بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا، رێگه‌ بە شەڕی راگەیاندن نەدرێت بۆ ئەوەی بتوانن ئاڵۆزییەکان کەم بکەنەوە و لایەنەکان زیاتر لە یەکدی نزیک ببنه‌وه‌.

لەلایەکی دیکە، تاڵیب محەممەد، توێژەر و شرۆڤەکاری سیاسی، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی فرە ژینگەیە، نەک تەنیا بۆ خەڵکی عێراق، بەڵکو  بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان بووەتە شوێنێکی گەشتیاری سەرنجڕاکێش، هەروەها خۆشەویستییەکی زۆر هەیە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، کە شوێنێکی سەقامگیرە و  دەتوانن هەستەکانیان تێدا ئاسودە بکەن.

هەروەها راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان لەرووی گەشتیارییەوە توانیوییه‌تی سەرنجی هەموو جیهان بۆلای خۆی رابکێشێت، هیوادارە پڕۆژەی گەشتیاری زیاتر لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت و هه‌روه‌ها پردێکی متمانەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دروستبووە.

هاوکات لە رووی وەبەرهێنانیشەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چاوکراوەیەو رێگاکانی وەبەرهێنانی دۆزیوەتەوە توانیوەتی ئەو سێکتەرەش بەرەو پێش ببات، لە بواری زانستیش پێویستە هاوبەشی لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هەبێت، لەگەڵ ناوچەکانی عێراق دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان ببینین.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و به‌غدا، ئەو توێژەر و شرۆڤەکاری سیاسییە، گوتی:" پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باش دان، بەڵام پێویستە بەغدا دەستوور جێبەجێ بکات، دەبێت دەستوور ببێتە نەخشە رێگایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان، بە تایبەت ماددەی 140، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی بەغدای کرد و رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتەکەی سوودانی ئەنجامدا، هەروەها هەندێک کێشەی هەڵپەسێردراوی نێوانیان هەیە، تەنیا بە رێگای دەستوور چارەسەردەکرێت و بەڵکو دەستوور پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق رێکدەخات".

گوتیشی: "پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بەهێزتر بێت بۆ ئەوەی فشارەکانی نەیاران کەم ببێتەوە لەسەریان".

لەلایەن خۆیەوە، عەلی ئەلبەیدەر نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی، رایگەیاند، کابینەی نۆیەم، حكومه‌تی چارەسەری قەیرانەکان بوو، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی توانی باز بدات بەسەر قەیرانەکان و ژینگەیەکی گونجاو دروستبکات و هەرێم بەرەو کەنارەکانی ئارامی ببات، هەر حکومەتێک لەو بارودۆخەدا بێت شکستی دەهێنا،  بەڵام ئەو حکومەتە توانی بە ئیرادەیەکی پۆڵاین رووبەرووی هەموو ئه‌و ئاڵنگارییانە ببێتەوە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و به‌غدا، ئەو نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسییە، گوتی:" حکومەتی هەرێمی کوردستان نیازێکی باشی هەیە و هەنگاوی تەندروستی نا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا، بەڵام بەشێک لەلایەنە سیاسییەکانی عێراق چاویان بەو سەرکەوتنانەی هەرێم هەڵنایەت و دەیانەوێت سەرکەوتنەکانی هەرێم لە قاڵب بدەن و بیگەڕێنەوە دواوە، لە بەغدا روحیەتێکی سیاسی هەیە، دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات دوور لە بابەته‌ یاسایی و دەستوورییەکان، دەیانەوێت رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن".

گوتیشی: "كابینه‌ی نۆیه‌م لەگەڵ سێ حکومەتی سێ سەردەمی جیاواز مامەڵەی کردووە، بۆیە ناوزەندی دەکەین بە حکومەتی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و توانیوەتی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بێنێت، بە تایبەت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا، لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا له‌ قۆناغێکی زۆر باش دایە".

كیتاب ئەلمیزان شرۆڤەکاری سیاسی، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەدانی قەیرانە سیاسییەکان و لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا سەرکەوتوو بووە،  لە رووی سیاسییه‌وه‌ش هەرێمی کوردستان سەرکەوتووە بووە، توانی قەیرانەکان تێپەڕێنێت و گەورەترین سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەو سیاسەتەی کە لە هەرێم جێبەجێ دەکرێت، هیچ حکومەتێک نەیدەتوانی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە تۆمار بکات. 

گوتیشی: "هەموو حکومەتەکانی بەغدا ئەو یاسایە جێبەجێ دەکەن کە لە بەرژەوەندی خۆیاندایە، ئەوە جێبەجێ ناکەن کە لە دەستووردا بوونی هه‌یه‌ و پێویستە بە یاسا پەیوەندی نێوان هەردوولا رێک بخرێت وەک یاسای نەوت و گاز ماددەی 140".

ده‌شڵێت: "ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەزمونێکی سەركه‌وتوو و دەگمەنه‌، دەبێت پەرەی پێبدرێت و بگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق".

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ موهەننەد جەنابی  مامۆستای زانکۆ ده‌ڵێت: "لەو بڕوایەدام سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی توانیوویه‌تی زۆر سەرکەوتووتربێت لە حکومەتەکانی پێشه‌ خۆی، چونکە به‌ چەندین ئاڵنگاری سەختدا تێپەڕیووه‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "بوونی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی و دەستووری، گەورەترین به‌ره‌نگاری بوو و توانیوویه‌تی هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێ بنێت لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدا".

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، كابینه‌ی نۆیه‌م توانی بەغدا پابەند بکات کە دۆستەکان و وڵاتانی دەوروبەر رێز لە هەرێمی کوردستان بگرن. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بنه‌مای كێشه‌كان لە نێوان هەرێم و عێراق، پابەند نەبوونە بە دەستوور.