تەقینەوەیەک لەسەر پردی کریمیا کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی منداڵێكی لێکەوتەوە

وێنەیەکی پردەکە کە لەلایەن مانگی دەستکردی ماکسەرەوە گیراوە
وێنەیەکی پردەکە کە لەلایەن مانگی دەستکردی ماکسەرەوە گیراوە

K24 - هەولێر:

لەسەر ئەو پردەی کریمیا و رووسیا بەیەک دەگەیەنێت تەقینەوە روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و منداڵێکیش بریندار بوو.

سێگری ئەکسیۆنۆڤ حاکمی نیمچەدوورگەی کریمیا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لەسەر ئەو پردەی نیمچە دوورگەی کریمیا بە رووسیاوە دەبەستێت، دوو کەس کوژران و منداڵێکیش بریندار بوو، هاوکات هاتووچۆکردنیش لەسەر پردەکە راگیراوە.

باسی لەوەشکرد، دۆخی لەناکاویان لەو ناوچەکە راگەیاندووە و هێزەکانیان سەرقاڵی بەدواداچوون بۆ دیاریکردنی هۆکاری تەقینەوەکە.

ئاماژەی بەوەشدا، رێگەی جێگرەوەیان بۆ هاوڵاتییان دیاریکردووە بۆ هاووتۆچکردن تا ئەوکاتەی دۆخی پردی نیمچەدوورگەی کریمیا ئاسایی دەبێتەوە.

پردەکە، نیمچەدوورگەی کریمیا دەبەستێتەوە بە هەرێمی کراسنداری رووسییاوە و پێشتر چەند جارێک تەقێندراوەتەوە.

بەرپرسانی رووسیاش کردەوەکە بە تیرۆریستی ناودەبەن و ئۆکرانیاش بە بەرپرس بەرامبەر ئەو کارە دەزانن.