لە گەرمیان شەڕە تەقە لەنێوان هێزێکی ئەمنی و گرووپێکی چەکدار روویدا

K24 – گەرمیان:

لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی گرووپێکی چەکدار لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لە گەرمیان، دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون و یەکێک لە چەکدارەکان کوژرا.

ئەمڕۆ دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023)، پەیامنێری کوردستان24، لە گەرمیان رایگەیاند، لە باخەکانی سەر رێگای کەلار– رزگاری، هێزێکی ئەمنی لە گەرمیان رووبەڕووی گرووپێکی چەکداری بوونەوە کە خۆیان بە (گرووپە خۆبەخشەکانی کەلار) ناساندبوو، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەکەی نێوانیان دوو چەکداری گرووپەکە و دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیش برینداربوون، هەروەها چەکدارێکی گرووپەکەش بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.

پەیامنێری کوردستان24، باسی لەوەشکرد، رووبەڕووبوونەوەکە نزیکەی نیو کاتژمێری خەیاند، هەروەها بریندارەکانی هێزە ئەمنییەکان و گرووپە چەکدارەکە رەوانەی نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار کران .

ئەمە لەکاتیکدایە، ئاسایشی سلێمانی لە میانەی راگەیاندروێکدا رایگەیاندبوو، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی سلێمانی، ئەمڕۆ بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، توانیان دوای ڕووبەڕوبونەوە ئەندامانی گروپە چەکدارە نایاساییەکە دەستگیربکەن، کە ببوونە هۆی پشێوی و نائارامی لە ناوچەکە و هەستاون بە خۆنمایشکردن و وەرگرتنی سەرانە و هەڕەشەکردن و تەقەکردن و تۆقاندنی هاووڵاتییان.

جەخت لەوەش کراوەتەوە، لەئێستادا بە فەرمانی دادوەر بە ماددەی 156 لەیاسای سزادانی عێراقی ئەندامانی گروپە چەکدارەکە دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.