ئەمەل جەلال: کردنەوەی پێشانگەکانی کارە دەستییەکان رێگەخۆشکەرە بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ کوردستان

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان

K24 – سلێمانی:

بە سپۆنسەری کوردستان24، پێشانگەی کارە دەستییەکان لە سلێمانی کرایەوە، هاوکات سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، داواکارە لە کۆمپانیاکانی گەشتیاری کە گەشتیارانی خۆیان بهێنن و سەردانی ئەم پێشانگەیەی کاری دەستی بکەن، بەهۆی ئەوەی گەشتیاران ئاشنا دەبن بەو کارە دەستییانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت کە دەبێتە هۆی نیشاندانی بەرهەمی کولتووری کوردی. هاوکات گووتیشی: کردنەوەی پێشانگەکانی کارە دەستییەکان رێگەخۆشکەرە بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ کوردستان.

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئامادەکەرانی ئەم پێشانگەیەی کارە دەستییەکان ئومێدێک ئەدەن بەخۆیان و بە ئێمەش، چونکە ئەوانە داهاتووی کوردستانن، لە دەستەی گەشتوگوزار لە هەیکەلییەتی تازەی خۆیدا بەشی کارە دەستییەکان یەکێکە لە بەشە بنەڕەتییەکانی، ئێمە وەک گەشتوگوزار ئەمانە بە دەرفەتێکی باش دەزانین هەر یەکە لەو پارچانەی کە دەبینین دەکرێت وەک دیاری بەکاری بهێنن ئەکرێ لە ماڵەوە بەکاری بهێنن، بۆیە داوا لە گرووپاتی گەشتیاری هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەم گروپە گەشتیارییەکانیان بهێنن و سەردانی ئەم پێشانگەیە بکەن".

هاوکات راشیگەیاند، "جێگەی دڵخۆشییە کە دوو کەناڵی عێراقی لێرەبوون بە ئێمەیان گووت، "ئەو شتەی کە لێرە دەکرێت لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق نییە، هەروەها تەنیا لە مۆڵەکانمان کاری دەستی هەیە کە وەک ئەمانە نیین". بۆیە ئەگەر بێن بۆ ئەم شوێنە دڵنیام ئەم بەرهەمانە دەکڕن".

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، دەڵێت: سەردانیکردنی گەشتیاران بۆ ئەم پێشانگەیە دەبێتە هۆی پاڵپشتییەکی باش بۆیان هەم لە رووی دارایی و هەم لەرووی بەردەوامبوونیان، هەروەها پێویستە هانی ئەو گەنجانە بدەین بۆ بەردەوامبوونیان لەو کارە و دەرفەتی باشتریان بۆ بڕەخسێنین، هاوکات لەڕێگەی کردنەوەی پێشانگەی زیاتر بۆیان دەتوانن پەرە بە کارەکانیان بدەن و فراوانتری بکەن.

لەبارەی هاتنی گەشتیارانیش، ئەمەل جەلال گوتی: "لە جەژنی قورباندا لە ماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 400 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، هەروەها پیسبینی دەکەین لە کۆتای ساڵدا کۆی گشتی سەردانی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان نزیکبێتەوە لە هەشت ملیۆن گەشتیار، ئەمەش ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە".

لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەک بۆ چوونە شوێنە گەشتیارییەکان لەلایەن کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە لە گەشتیاران، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، کۆمپانیا گەشتیارییەکان ئاگەردارکراونەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە ژێر هیچ پاساوێک داوای پارە لە گەشتیاران نەکەن لە بەرامبەر چونەژوورەوە بۆ سەیرانگا و هاوینەهەوارەکان.

گوتیشی: هەر گەشتیارێک بڕە پارەی لێوەرگیرا لەلایەن کۆمپانیا گەشتیارییەکان، "با پەیوەندی بە هێڵی گەرمی گەشتوگوزارەوە بکەن، دەمانەوێت بەر لەوەی ببێتە دیاردە رێگری لەو حاڵەتە بکەین و نەهێلێن ببێتە دیاردە".