خانزاد ئەحمەد: پلانێکی 5 ساڵیمان بۆ دەرخستنی تواناکانی ئافرەتان هەیە

خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان
خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان

K24 – هەولیر:

ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، رایدەگەیەنێت، بڕیاری 1325ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو پاراستنی مافی ژنان و منداڵانە و هۆکاری جێبەجێنەکردنەکەشی تا  دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی، دەشڵێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوام پاڵپشتی لە ئافرەت کردووە، خانزاد ئەحمەدم گوتیشی: پلانێکی پێنج ساڵیمان بۆ دەرخستنی تواناکانی ئافرەتان هەیە.

خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد، پێشکەشی دەکات، ئاشکرایکرد، بڕیاری 1325ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2000 دەرچووە، گرنگی ئەم بڕیارە ئەوەیە ژنان کە زۆر جار بوونەتە کەرستەی شەڕ و ململانێ، بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو بڕیارە داکۆکی بکرێت لە مافەکانیان و هەمیشە پارێزراو بن.

هەروەها رایگەیاند، گرنگیەکیدی ئەم بڕیارەش بۆ ئەوەیە تا لە روانگەیەکی جەندەری سەیری رۆڵی ژنان و کچان بکرێت لە هەموو کایەکان، بە تایبەت لە پرۆسەی ئاشتی و ئاشتیخوازییەوە، کە چۆن بتوانرێت رێگری بکرێت لەوەی ژنان نەبنە کەرستەی پێکدادان، ململانێ و شەڕەکان، هاوکات کە چۆن رێگری بکرێت لەوەی ژنان و منداڵان نەبنە کۆیلە و دەستدرێژیان نەکرێتە سەر، لەوچوارچێوەشدا ئەو وڵاتانی کە لە جەنگدان پابەندی بڕیارەکە بکرێن و بە هیچ شێوەیەک ژنان و کچان نەکەنە کەرستەی ململانێ.

خانزاد ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا، لە عێراق ژنان بوونەتە کەرستەی ململانێکان، هەروەها چەندین دەستە و وەزارەت هەیە لە هەرێمی کوردستان کە تایبەتە بە ئافرەت و داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت، بەڵام لە عێراق هیچ دەستەیەک و وەزارەتێک نییە کە تایبەت بێت بە ئافرەت و مافی ئافرەت، عێراق داگای لێکۆڵینەوەی توندوتیژی نییە.

گوتیشی: لە عێراق هیچ کاتێک بەشداریکردنی ئافرەت، لە پێشینەی بەرنامەکانیان نەبووە و هەمیشە لە دواوە بووە، هەروەها هیچ بودجەیەک تەرخاننەکراوە بۆ ئەوەی ئافرەتان بەشداریبکەن لە کایەکانی کۆمەڵگە.

خانزاد ئەحمەد، لەبارەی کابینەی نۆیەم و گرنگیدانیان بە پرسی ئافرەت رایگەیاند، سەرەڕای تەنگەژەکان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا هەمیشە پرسی خانمان لە پێشینەی کارەکانی داناوە ، بەهۆی ئەوەی جەنابیان دەزانن پابەندبوون بە بەرنامە نێودەوڵەتییەکان شتێکی گرنگە بە وڵاتانی جیهان دەمانبێستەوە کە لە کاتێکدا کە هەرێمێکین کە دەوڵەتمان نییە، هەروەها سەرۆکوەزیران بڕوایەکی تەواویان هەیە بە توانا و لێهاتووی خانمان هەمیشە جەخت لە پێدانی رۆڵ بە ئافرەت لەسەر بنەمای توانا دەکاتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پشتیوانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بۆ ئەنجوومەنی باڵای خانمان، راستیەکی سەلمێنراوە کە چەندە بڕوای بە داکۆکیکردن و پشتگیری کردنی ئافرەتان هەیە، هەروەها جەنابیان رایگەیاندوە، رووبەرووی هەموو توونتیژیەک دەبێتەوە کە بەرامبەر بە خانمان دەکرێت.

لەبارەی پلانی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، گوتی: پلانێکی پێنج ساڵیمان هەیە بۆ پشتگیریکردن و دەرخستنی توانەکانی ئافەرەتان، هەوڵدان و یارمەتیدانیان، هەروەها دانانی پلانێکی تۆکمەی ستراتیژی بۆ بەرەپێشبردنی خانمان لە هەموو کایەکان بە تایبەت لە کایەیی ئابووری.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە دووەمین كۆبوونەوەی بۆردی ھەرێمی كوردستان تایبەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری 1325ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رایگەیاند، یەكێك لەو فاكتەرانەی كە رێگربووە لەبەردەم جێبەجێكردنی بڕیاری 1325، گرفتە داراییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدایە.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەو بوارەدا زیاتر ھاوكاربن لەگەڵیان و پاڵپشتی زیاتری ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان بكەن.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکوزیران مەسرور بارزانی بەردەوام پاڵپشتی لە رۆڵی ئافرەت کردووە و لە چەندین بۆنەی جیاوازیشدا جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی بڕیاری 1325ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووەتەوە و پاڵپشتێکی سەرەکیی ئەنجوومەنی باڵای خانمانە.

بڕیاری 1325 لە ساڵی 2000 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە كە تایبەتە بە پاراستنی ئافرەت و منداڵ لە ململانێیە سیاسییەكان.