مه‌تران شه‌معون دانیال: ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هەمیشە هاوکاربوونە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

مه‌تران شه‌معون دانیال، مه‌ترانی كڵێسای رۆژهه‌ڵات
مه‌تران شه‌معون دانیال، مه‌ترانی كڵێسای رۆژهه‌ڵات

K24 – هەولێر:

مه‌ترانی كڵێسای رۆژهه‌ڵات سه‌ردانی ئاكرێ و ناوچه‌ی نه‌هله‌ی كریستیاننشینی كرد و له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ئێمه‌ سوپاسی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، بۆ هاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان له‌گه‌ڵمان و وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆ هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌ رووده‌ده‌ن.

رۆژی پێنجشەممە (20ـی تەمموزی 2023)، مه‌تران شه‌معون دانیال، مه‌ترانی كڵێسای رۆژهه‌ڵات بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئێمه‌ سوپاسی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، بۆ هاوكارییه‌ به‌رداوه‌كانیان له‌گه‌ڵمان و وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆ هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌ رووده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌كه‌ین، كه‌ هه‌میشه‌ باوه‌شی بۆ كریستیانه‌كان كراوه‌یه‌ و پاڵپشتییان ده‌كات.

مه‌تران شه‌معون دانیال گوتیشی، "سوپاسی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌نسور بارزانی و رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم ده‌كه‌ین، كه‌ هه‌میشه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوونی كریستیانه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ن و له‌ ئه‌گه‌ری روودانی هه‌ر كێشه‌یه‌ك، راسته‌وخۆ دێنه‌ سه‌ر هێل و كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن".

لەبارەی دۆخی کریستیانەکان لە ناوچەکە، مه‌ترانی كڵێسای رۆژهه‌ڵات ئاماژەی بەوەکردەوە، "سوپاس بۆ خودا، ئاسووده‌یی لێره‌ هه‌یه‌ و هاوكاری و خۆشه‌ویستی به‌رده‌وام هه‌یه‌. كاتێك ده‌بینین كه‌سێكی دیاریكراو له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی دیاریكراودا ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ده‌كات، نابێت ئه‌و ره‌فتاره‌ به‌سه‌ر هه‌موواندا بگشتێندرێت، ئێمه‌ له‌و دۆخه‌ تێده‌گه‌ین و هه‌میشه‌ ره‌فتاری تاكه‌كه‌سی هه‌ڵوێستی خودی كه‌سه‌كه‌یه‌ و نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوی دامه‌زراوه‌كه‌ ناكات".

هەروەها لەبارەی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی، مه‌تران شه‌معون دانیال باسی لەوەکرد، "ئێمه‌ به‌ ئاستی ئه‌و مه‌حه‌به‌ته‌ ده‌زانین، كه‌ سه‌رۆك بارزانی بۆ كریستیانه‌كانی ئێره‌ی هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ باوه‌شی بۆ كردوونه‌ته‌وه‌، هه‌رگیز رۆڵی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ بیر ناكه‌ین بۆ له‌خۆگرتنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و كریستیانانه‌ی له‌ موسڵ و ده‌شتی نه‌ینه‌وا ئاوارە بوونه‌، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ختترین دۆخدا بووه‌ته‌ لانه‌یه‌ك بۆ له‌خۆگرتنی هه‌مووان و پشتیوانی له‌ هه‌موان ده‌كات. ئه‌مه‌ش هه‌مووی ره‌نگدانه‌وه‌ی گرنگیدانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ به‌ پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێم".