ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای رێگەپێدان بۆ پشکنینی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا دەکات

K24 - هەولێر:

ئاژانسی نێودەوڵەتیی بۆ وزەی ئەتۆم چاوەڕێ دەکات رێگە بدرێت پشکنین بۆ بەشی سەرەوەی ریاکتۆرەکانی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا بکات.

ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم لە راگەیەندراوێکدا، هەڵسەنگاندنەکانی سەرۆکی ئاژانسەکەی سەبارەت بە دوایین دۆخی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا خستووەتەڕوو.

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی بۆ وزەی ئەتۆم، رافایێل ماریانۆ گرۆسسی رایگەیاند، پسپۆڕانی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیان لە ئەگەری بوونی ماددەی تەقەمەنی، چاوەڕێی پێدانی مۆڵەتن بۆ چوونە بەشی سەرەوەی ریاکتۆرەکان.

بە ئاماژەدان بەوەی کە تیمێکی ئاژانسەکە هەفتەی رابردوو پشکنین و لێکۆڵینەوەیان لە وێستگەکە ئەنجامدا و تا ئێستا هیچ کەرەستەیەکی سەربازیی، تەقەمەنی و مین نەدۆزراوەتەوە.

گرۆسسی ئەوەشی خستووەتەڕوو کە پسپۆڕان لە 17ـی تەمموزدا یەکەی دوو و پاشان یەکەی چواری باڵه‌خانه‌ی ریاکتۆرەکانیان پشکنیوە و رایگەیاندووە، تیمەکان ژووری سەرەکیی کۆنترۆڵ، هۆڵی ریاکتۆر، حەوزی سووتەمەنی، ژووری کۆنترۆڵی فریاگوزاری و ئەو ژوورانەی کە سیستەمی سەلامەتییان تێدایە، پشکنیوە.

گرۆسسی ئاماژەی بەوەدا، هیچ تەقەمەنی و مینێک لەکاتی ئەو پشکنینانە نەدۆزراوەتەوە و رایگەیاند: "پسپۆران رێگەیان پێنەدراوە بچنە سەربانی ریاکتۆرەکان. ئەمەش یەکەکانی سێ و چوار دەگرێتەوە کە تیمەکان بە تایبەتی ویستوویانە پشکنینیان بۆ بکەن. داواکاری ئاژانس بۆ رێگەدانە چوونە ناو ئەو شوێنانە بەردەوام دەبێت".

بە ئاماژەدان بەوەی کە پشکنەران لە زاپۆریژییا هەفتەی رابردوو هیچ تەقینەوەیەکیان لە نزیک دامەزراوەکە بەدی نەکردووە، گرۆسسی هەروەها رایگەیاند کە ئاوی بەکارهێنراو بۆ ساردکردنەوەی وێستگەکە لە ئێستادا لە ئاستێکی پێویستدایە.

زاپۆریژیا گەورەترین وێستگە ئەتۆمیی ئۆکرانیا و ئەوروپایە، وزە بە 4 ملیۆن ماڵ لە ئۆکرانیا دەدات.

وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا، دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1984 تا 1995 لە شاری ئنیرهۆدار لە کەرتی زاپۆریژیا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ئه‌و كاته‌ بڕیاری دروستكردنی درا، كه‌ هێشتا یەکێتی سۆڤیەت لە ئۆکرانیا بوونی مابوو، 200 کیلۆمه‌رتر لە هەرێمی دۆنباس و 550 کیلۆمەتر لە کیێڤی پایتەختەوە دوورە، گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئۆکرانیا و ئەوروپایه‌، نۆهەمینی هەموو جیهانه‌.

وێستگه‌كه‌ بریتییە لە 6 کوورەی ناووکی و توانای بەرهەمهێنانی 42 ملیار کیلۆوات کارەبای لە یەك کاتژمێردا هەیە، لەکاتی ئاسایدا یەك لەسەر پێنجی  کارەبای ئۆکرانیا دابیندەکات، كه‌ دەکاتە نیوەی ئەو وزەیەی بەرهەمهێنراوی وێستگە ناوەکییەکانی ئۆکرانیا و لەلایەن دامەزراوەی نیشتمانی ئۆکرانیا (NNEGC) چاودێری دەکرێت و بەڕێوەده‌برێت.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.