بۆ یەکەمجار دوای هەڵگەڕانەوەی ڤاگنەر؛ پوتن و لوکاشینکۆ کۆدەبنەوە

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا و ئەلیکساندەر لوکاشینکۆ - ئەرشیف
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا و ئەلیکساندەر لوکاشینکۆ - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

سەرۆکی بێلارووس بۆ یەکەمجار دوای هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر، سەردانی رووسیای کرد و لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی کۆدەبێتەوە.

کۆشکی کرملن بڵاویکردەوە، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆکی بێلارووس لە رووسیایە و بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هاوبەشی ستراتیژی هەردوولا و دوایین بەرەوپێشوەچوونەکان لە دوو وڵات، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە.

سەردانەی لوکاشینکۆ لەکاتێکدایە، سوپای بێلارووس و گرووپی ڤاگنەر بە دووری پێنج کیلۆمەتر لە سنوورەی پۆڵەندا راهێنانی سەربازی ئەنجامدەدەن.

هەروەها ئۆکرانیا و پۆڵەنداش لە ئەگەری هەر هێرشێکی گرووپی ڤاگنەر بۆ سەر وڵاتەکانیان ئاسایشی سنوورەکانیان لەگەڵ بێلارووس توندتر کردووە. لەلای خۆیەوە، ڤلادیمێر پوتن دەڵێت، هەر هێرشێک بۆ سەر بێلارووس، هێرشی راستەوخۆیە بۆ سەر رووسیا و بە توندی وەڵامی دەدەنەوە.