هاووڵاتییان لە رێگەی ئەپڵیكەیشنێكەوە لە هاتنی بەشە خۆراكی مانگانە ئاگادار دەكرێنەوە

K24 – هەولێر

لە چەند پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان، پرۆسەی بەدیجیتاڵیكردنی پسولەی خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دەستیپێکردووە، تەنیا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 254 هەزار خێزان پسولەی خۆراكیان هەیە، دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش لەمەودوا هاووڵاتییان لە رێگەی ئەپڵیكەیشنێكەوە لە هاتنی بەشە خۆراكی مانگانە ئاگادار دەكرێنەوە.

حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری پسولەی خۆراكی دهۆك بەكوردستان24 راگەیاند: "پرۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسولەی خۆراك لە پارێزگای دهۆك %88ی كارەكانی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی زۆری قەزا و ناحییەكانی دەوروبەری وادەی خۆتۆماركردن 20 تەممووزی ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە درێژكراوەتەوە".

گوتیشی: " دوای تەواوبوونی پرۆسەكە هاووڵاتییان لە رێگەی ئەپڵیكەیشنێكەوە لە هاتنی بەشە خۆراكی مانگانە ئاگادار دەكرێنەوە".

بەڕێوەبەری پسولەی خۆراكی دهۆك، ئاماژەی بەوەشدا: "لە دوای تەواوبوونی وادەی خۆتۆماركردن هەر هاووڵاتییەك ناوی تۆمار نەكرابێت بێبەش دەبێت لە خۆراكی مانگانە، هاووڵاتیانی تۆماركراویش لە رێگەی ئەپڵیكەیشنێكەوە لە هاتنی بەشە خۆراكی مانگانە ئاگادار دەكرێنەوە"

پڕۆسەی بەدیجیتاڵیكردنی پسوولەی خۆراك  ماوەی چەند مانگێكە لە بەشێك لە پاریزگاكانی عێراق دەستیپێكردووە، قۆناغی یەكەم لە پارێزگاكانی نەجەف، بابل، كەركووك و دهۆك  دەستیپێكردووە، بەڵام تەنیا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 254 هەزار خێزان پسولەی خۆراكیان هەیە.

سیامەند قادر بەڕێوەبەری رێكخستنی پسوڵەی خۆراكی هەولێریش بە كوردستان24ی راگەیاند:" نزیكەی 1500 بریكاری خۆراك لە هەولێر هەیە و لە قۆناغی پێدانی پارەن بۆ وەرگرتنی پسولەی ئەلیكترۆنی لە دوای تەواوبوونی پسولەكان لە بەغدا لە پارێزگای هەولێریش دەست بە پرۆسەی بەئەلكترۆنیكردنی پسوڵەی خۆراك دەكرێت".

بەپێی داتاكان تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 956 هەزار و 450 هاووڵاتی ناویان لە پسوولەی خۆراك تۆماركراوە.