یەکێتی پیاوانی کوردستان: توندوتیژی بەرامبەر پیاوان زیادیکردووە

K24 - سلێمانی

بەگوێرەی ئامارێکی نوێی یەكێتی پیاوانی كوردستان بەراورد بە شەش مانگى یەکەمى ساڵى رابردوو، لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا، توندوتیژى بەرامبەر بە پیاوان زیادیکردووە. بە گوتەی شارەزایان لە پشت ئەو زیادبوونەوە چەندین هۆکاری کۆمەڵایەتی، ئابووری و دەروونی هەن.

لە ئاماری یەکێتى پیاوان روونکراوەتەوە، لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵ 336 سکاڵاى جۆراو جۆر لە لایەن پیاوانەوە تۆمار کراون، دیارترین ئەو جۆرى توندو تیژیانەیە كە بەرامبەر بە پیاوان دەکرێت دەست تێوەردانى ژیانى کەسى و خراپ بەکارهێنانى سۆشیال میدیا و ناپاکى هاوسەریە لەلایەن خێزانەکانیانەوە، دەرکردن لە ماڵ و زەوتکردنى مافى بینینى منداڵ دواى جیابوونەوە لە دیارترین پێشێلكارییەكانن.

لەوبارەوە بورهان عەلی سکرتێرى یەکێتى پیاوانى کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "بەپێى لیژنەى بەدواداچوون و تۆمارکردنى کەیسەکان لە رێکخراوى یەکیتى پیاوان، لە 1/1/2023 تا 1/7/2023، 336 سکاڵا و توندو تیژى دژی پیاوان جۆراو جۆر لەسەرجەم لقەکان تۆمارکراون".

گوتیشی: "بەداخەوە 39 حاڵەتى خۆکوشتن هەیە و پێنج حاڵەتى کوشتنى پیاو لەلایەن ژن یان بە هاوکارى ژن بەهۆى کێشە خێزانیەکانەوە کوژراون".

سکرتێرى یەکێتى پیاوانى کوردستان راشیگەیاند: "بەراورد بە شەش مانگى یەکەمی ساڵى رابردوو، ئەمساڵ توندوتیژی بەرامبەر بە پیاوان زیادیکردووە".

یەکێک لەو پیاوانەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی توندوتیژی بەرامبەر کراوە، بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: "هیچ داهاتێکم نییە لەسەر جادە رۆژ دەکەمەوە، هەندێک جار دایکم دەبینم ئەگینا تواناى هیچم نییە، نازانم برا و خزم چیە، چونکە  هاوسەرەکەم ژیانى وا لێکردوم".

ئەو پیاوە باسی هاوسەرەکەی دەکات و دەڵێت: "ئەو ئێستا لە ماڵ و حاڵى خۆیدا دەژى وشوى کردووەتەوە".