بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی وڵاتانی عەرەبی رووبەرووی پچڕانی کارەبا بوونەتەوە

K24 - هەولێر

ئەو شەپۆلە گەرمایە بەرزە بەردەوامەی رووی لەناوچەکە کردووە، زنجیرەیەک ژمارەی پێوانەیی پلەی گەرمی تۆمارکردووە، زاناکان رایانگەیاندووە، خێراییەکەی بێ وێنەیە.

 بەپێی راپۆرتێکی بی بی سی، بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت عێراق و یەمەن و لوبنان و تەنانەت میسریش نەک هەر بەدەست ئەو شەپۆلە گەرمایە بەرزە دەناڵێنن، بەڵکو بەدەست نەبوونی کارەباشەوە دەناڵێنن، دیارترینیان پچڕانی کارەبا و نەبوونی توانای بەرهەمهێنان لە وڵاتانی دیکە، ئەمەش کێشەی بۆ دانیشتوان درووست کردووە بۆ ئەم هاوینە کە گەرمترینە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: شەپۆلی گەرمای مەترسیدار لە ئەوروپا دەتوانێت ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات، ئەستەمە دەستبەجێ ئەم رووداوانە بە گۆڕانی کەشوهەوا ببەسترێتەوە، چونکە کەشوهەوا و زەریاکان شتێکی زۆر ئاڵۆزن، توێژینەوەکان لە ئارادان، بەڵام زانایان لە ئێستاوە ترسیان هەیە کە هەندێک سیناریۆی خراپ دەربکەون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لێرەدا چوار ژمارەی پێوانەیی کەشوهەوا دەخەینەڕوو کە تا ئێستا لەم هاوینەدا شکێنراون، گەرمترین رۆژ کە تۆمارکراوە، رۆژی مانگی حوزەیران بووە، کە ژمارەی پێوانەیی پلەی گەرمی جیهانی لە ساڵی 2016دا شکاند، بۆ یەکەمجار تێکڕای پلەی گەرمی جیهانی 17 پلەی سەدی تێپەڕاند.

بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای چاودێری کەشوهەوای یەکێتی ئەوروپا کۆپەرنیکۆس، لە 6ی تەمموزدا پلەی گەرما گەیشتووەتە 17.08 پلەی سەدی، بەردەوامی دەردانی گازی ژەهراوی لە سووتاندنی سووتەمەنی بەردینی وەک نەوت و خەڵوز و گاز لە پشت رەوتی گەرمبوونی جیهانەوەیە.

ئێلنینۆ بەهێزترین گۆڕانی کەشوهەوای سروشتییە لە جیهاندا، هەروەها تێکڕای پلەی گەرمی جیهانی زەریاکان لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران و تەمموزدا ژمارەیەکی پێوانەیی شکاند و ژمارەکان نزیکە لە بەرزترین پلەی گەرمی رووی دەریا کە تا ئێستا لە ساڵی 2016دا تۆمارکرابێت، بەڵام ئەوە گەرمایەکی زۆرە لە باکووری ئەتڵەسی کە جێگەی نیگەرانی تایبەتی زاناکانە.

دانیێلا شمیت، مامۆستای زانستی زەوی لە زانکۆی بریستۆڵ دەڵێت: "هەرگیز شەپۆلی گەرمای دەریاییمان لەم بەشەی زەریای ئەتڵەسیدا نەبووە، چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد".

زانایان زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن لەکاتێکدا هەوڵدەدەن پەیوەندییەکی وردی گۆڕانی کەشوهەوا شیبکەنەوە.