هیوا ئەفەندی: پرۆسەی بە دیجیتاڵیکردنی حکومەت بنەمای سەرەکی چاکسازییە
K24 – هەولێر:
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیاری رایدەگەیەنێت، لە کابینەی نۆیەمدا ستراتیژی بە دیجیتاڵیکردنی حکومڕانی بووە هۆی بنەمای سەرەکی چاکسازی لە حکومڕانی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، هاوکات گووتیشی: لە هەموو سێکتەرەکان بە دیجیتاڵیکردن رۆڵی خۆی دەبینێت.
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیاری، لە میانەی بەشداریکردنی لە پانێڵی ناوهندی باڵای ئاكرێ لهژێر ناونیشانی (چاكسازی، به دیجیتهاڵكردنی حكومهت، وهبهرهێنان)، رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا توانرا ژێرخانی تەکنیکی بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی دابینبکرێت، ستراتیژی دیجیتاڵی کە لەماوەی رابردوودا لەلایەن سەرۆکوەزیران راگەیەندرا، کۆمەڵێک پڕۆژەیە یەک لە دوای یەک جێبەجێ دەکرێن.
هەروەها راشیگەیاند، %90ـی چاکسازی لەم کابینەیە لەسەر بنەمای سیستمی دیجیتاڵی بووە، ئەویش دیارترین نموونەی ئەم سیستمە داتای بایۆمەتری بوو، لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە چاکسازی لە مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی کوردستان کرا و کە بووە هۆی نەمانی دوو مووچەیی.
ئاماژەی بەوەشدا، لە هەموو سێکتەرەکان دیجیتاڵیبوون رۆڵی خۆی دەبینێت.
لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیار، گوتی: "پڕۆژەی هەژماری من یەکێک بوو لە گرنگترین پڕۆژەکان کە لەلایەن خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی راگەیاندرا، کە بەرنامەیەکی گشتگیریی داراییە بە ئامانجی دابینکردنی رێگەیەکی پارێزراو و گونجاو بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی کەرتی گشتیی بۆ دەست گەیشتن بە مووچەکانیان".