لەبارەی فۆڕمی دامەزراندن پاسەوانی سنوور ئاگادارییەک بڵاودەکاتەوە

دامەزراندن
دامەزراندن

K24 – هەولێر

فەرماندەیی پاسەوانی سنوور، ئەو کەسانە ئاگادار دەکاتەوە کە فۆڕمی دامەزراندنیان تەواو کردووە، بیگەڕێننەوە بارەگای فەرماندەیی.

بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە فەرماندەیی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنووری سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوکردووەتەوە، ئەوانەی فۆڕمی دامەزراندنیان تەواو کردووە، ئەمڕۆ 26/7/2023 دەتوانن بگەڕێننەوە فەرماندەیی پاسەوانی سنوور لە کانی قرژاڵە لە شوێنی وەرگرتنی فۆڕم.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە پاسەوانی سنوور رایگەیاندووە، کە دامەزراندن لە یەکە و فەرماندەکانیان دەستپێدەکات، دواتر بە ئۆنلاین هەزاران کەس فۆڕمی دامەزراندنیان پڕکردەوە.

لە 15ـی تەممووزی 2023، ناوی 300 کەس بۆ دامەزراندن لە ریزەکانی پاسەوانی سنوور، لە سنووری پارێزگای هەولێر لە رێگەی کورتەنامەیەوە هاتەوە، بڕیاربوو ناوی 600 کەسی دیکەش بۆ دامەزراندن لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی بگەڕێتەوە.

پێشتر دلێر فەرزەندە، فەرماندەی ناوچەی پاسەوانی سنووری یەک، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، بەپێی ئەو پلانەی بۆ پاڵپشتیکردنی فەرماندەی ناوچەی پاسەوانی سنووری یەک دانراوە و بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەم قۆناغەدا لە کۆی ئەو هاووڵاتییانەی داواکارییان بۆ دامەزراندن لە ریزەکانی پاسەوانی سنوور پێشکەشکردووە، تەنها 900 کەس دادەمەزرێندرێن، بۆ هەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی 300 کەس دیاریکراوە.