بەشیر حەداد بۆ کوردستان24: ئەمەریکا رەنگە سزای بانکی ناوەندی بدات

بەشیر حەداد
بەشیر حەداد

K24 - هەولێر:

بەشیر خەلیل حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی بە قاچاخ بردنی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق و سپیکردنەوەی پارە دەڵێت: ئەگەر بانکی ناوەندی نەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، ئەمجارە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رەنگە سزای بانکی ناوەندی بدات.

بەشیر حەداد لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 10:00ی کوردستان24 گوتی: بانکی ناوەندی تا ئێستا نەیتوانیوە پرسی بە قاچاخ بردنی دۆلار بۆ دەرەوە و بابەتی سپیکردنەوەی پارە چارەسەر بکات، بۆیە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا تا کۆتایی دانانیشێت، تەماشای حکومەتی عێراقی و بانکی ناوەندی بکات تا بزانێت چی دەکەن، ئەمجارە هیچ دوور نییە، ژمارەیەکی دیکە لە بانکەکان سزا بدرێن.

بە بۆچوونی جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر بانکی ناوەندی هەر نەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، ئەمجارە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای دەدات.

سەبارەت بە بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە، بەشیر حەداد بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، جێبەجێکردنی یاسای بودجە، بابەتێکی دەستوورییە و پێویستە بە شێوەیەکی فەرمی، لەنێوان دوو حکومەتدا، تاوتوێ بکرێت و ڕێککەوتنەکان بکرێت، گوتیشی: جێبەجێکردنی یاسای بودجە پێویستە بە میکانیزمێک بێت کە هەر دوو حکومەت دابڕێژن.

بەگوتەی جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەستتێوەردانی لایەنەکان وەک کۆبوونەوەی لایەنێکی سیاسی لەگەڵ حکومەت یان حزبێک لەگەڵ حزبێکی عێراقی دابنیشێت و ڕێککەوتن بکات، ئەمانە خزمەت بە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکان ناکات، بەڵکوو کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە.

وەک بەشیر حەداد ئاماژەی پێدا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، وا باشترە ڕێگە بە حکومەت بدرێت، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بەشدارن، پێویستە شاندێک لە هەموو لایەنەکان پێکبکێت، ئەم شاندە بۆی هەیە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقی بکات، ئەو کاتە حکومەتی عێراقی دەستکراوەتر دەبێت و دەتوانێت ئاسانکاری زیاتر بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی لەنێوانیدا کراوە.

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند، پەیوەندی حزبی تاک لایەنە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە، بۆیە پێویستە هەمووان پێکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەری گەلی کوردستان بزانین و ڕێگەی پێ بدەین ئەو دانوستان تەواو بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاری سیاسی لە بەغدا لە سەدا 20ی لەلای حکومەتە و زۆرینەی هەرە زۆری دەسەڵاتەکان لەلای ئەو لایەنانەیە کە هەژموونییان بەسەر حکومەتەوە هەیە، بۆیە حکومەت زۆر جار ناتوانێت رێککەوتن و بڕیارەکانی جێبەجێ بکات.