زانکۆی کوردستان چەند رێککەوتنێک لەگەڵ ناوەندەکانی ئەکادیمی ئەمەریکا واژۆ دەکات

شاندێکی زانکۆی کوردستان لە ئەمەریکایە

K24 - واشنتن

شاندێکی زانکۆی کوردستان لە ئەمەریکا لەگەڵ چەند ناوەندێکی زانستی و ئەکادیمی لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری زانکۆکە و زانکۆکانی دیکەی کوردستان چەند رێککەوتنێکی کردووە، لەنێویاندا رەخساندنی دەرفەتی خوێندن لە زانکۆکانی ئەمەریکا.

عەبدولسەلام مەدەنی، ئەندامی بۆردی زانکۆی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی لە ئەمەریکا بووین شەش کۆبوونەوەمان لەگەڵ ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانی ئەمەریکا کردووە، ویستمان پەیوەندی لەگەڵ ناوەندەکانی ئەوێ دروستبکەین، بۆ هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ ئاڵوگۆڕی خوێندن لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا دروست بێت".

ئاماژەی بەوەشدا، لە زانکۆکانی ئەمەریکا پێیان گوتون، ناوی هەندێک قوتابی هەرێمی کوردستانیان بۆ بنێرن، رەنگە لە داهاتوودا کورسی خوێندنیان بۆ دابین بکەن، گوتیشی: "بە گشتی بە گەشبینییەوە لە دیدار و گفتوگۆکانمان لەگەڵ ناوەندەکانی زانستی و ئەکادیمی ئەمەریکی دەڕوانم".