وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ڵامی كوردستان24 ده‌داته‌وه‌

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 – واشنتن:

ئەمه‌ریکا داوا لە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کێشە سیاسییەکان وەلابنێن و بەرەو هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد بڕۆن.

لە وەڵامی کوردستان24 سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا جەختی لەوەکردەوە، پشتیوانی هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا باسی لەوەشکردووە، پشتیوانی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکان و کێشە تەکنیکییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن دەکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، چاویان لەوەیە لایەن سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەنگاوە پێویستەکان بگرنەبەر و بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەپێی بنەما دیموکراسی و یاساکانی هەرێمی کوردستان و دەستووی عێراق.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی 25ـی مانگی شوباتی 2024یان خستووەتە بەردەم لایەنەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

پێشتریش دڵشاد شهاب گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاندبوو، لەسەر فەرمانی نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بەمەبەستی وەرگرتنی بیروڕا بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی چوارشه‌ممه 2023/7/26، شاندێکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، تێیدا بیروڕای حزب و لایەنەکانیان بۆ دياريكردنى وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە.