ئینتیفاز قه‌نبه‌ر: رۆڵی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به عێراق لاوازه
K24 - هەولێر:
سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی موسته‌قبه‌ل سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رۆڵ و هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا له‌و باره‌یه‌وه، تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، دیموكراته‌كانی ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و عێراق به‌تایبه‌تی رۆڵێكی لاواز ده‌گێڕن، كه ئه‌مه‌ش وا ده‌كات حكومه‌تی عێراق كه له‌لایه‌ن هێزی ده‌ره‌كییه‌وه هان ده‌درێت، فشار بخاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
ئینتیفاز قه‌نبه‌ر، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی موسته‌قبه‌ل له ئه‌مه‌ریكا هه‌روه‌ها گوتی، شێوازی ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی دیموكراته‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سه‌رده‌می باراك ئۆباماوه تا به سه‌رده‌می ئێستای جۆو بایدن ده‌گات سه‌باره‌ت به رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕاوه و سیاسه‌تێكی دوو ئاراسته‌یی په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م سیاسه‌ته به لاوازی له عێراق به‌تایبه‌تی و له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ده‌رده‌كه‌وێت، كه ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ت بۆ هێزی دیكه دروست ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر عێراقدا زاڵ بن، له كۆتاییشدا زیان به گه‌لی عێراق و گه‌لی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت.
ناوبراو سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئێستای ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه كرد، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی جۆو بایدن هاوڕێیه‌كی دڵسۆزی كورده، به‌ڵام به‌پێی هێڵه گشتییه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد ده‌كات، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا پارته‌كه‌ی بایدنیش له ئێستادا وه‌ك حزبێكی توندڕه‌و ده‌رده‌كه‌وێت و به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد ناكات و نه‌یتوانیوه رێگری له یاسا سته‌مكارانه‌كانی حكومه‌تی عێراق بكات كه به‌رامبه‌ر به كورد په‌یڕه‌وی ده‌كات.
ئینتیفاز قه‌نبه‌ر روونیشیكرده‌وه، واشنتۆن سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تا راده‌یه‌ك هه‌ڵوێستێكی ئه‌رێنی هه‌یه و هانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان رێكبكه‌وێت، به‌ڵام "محه‌ممه‌د شیاع سوودانی زۆر به‌هێز نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا، به‌ڵكو ئه‌و هێزانه‌ی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتوانی ده‌كرێن هه‌ڵوێستی سوودانیان لاواز كردووه و فشاری ده‌خه‌نه سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند بڕیار و یاسایه‌ك له دژی هه‌رێمی كوردستان بدات و ده‌ربكات".